رۆژى 3/5/2021 سۆران ئه‌بوبه‌كر عه‌زيز جێگرى سه‌رۆكى ژوور پێشوازى كرد له شاندێكى رێكخراوى (ZOA)ى هۆڵه‌ندى كه پێكهاتبوون له ئيدوين فايسهر به‌ڕێوبه‌رى گشتى رێكخراو، ئيستر كويسنج به‌ڕێوبه‌رى به‌شى عێراق و سۆلۆمۆن خوروم به‌ڕێوبه‌رى پرۆگرامى له رێكخراوى ناوبراو.
له ديدارێكدا تيشك خرايه سه‌ر ئه‌نجامدانى پرۆژه‌ى هاوبه‌ش له نێوان ژوورى بازرگانى هه‌ولێر و رێكخراوى ناوبراو به تايبه‌ت كردنه‌وه‌ى خولى راهێنان و په‌ره‌پێدانى مرۆيى بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى تواناكانى ئاواره و په‌نابه‌ر و گه‌نجانى ناوخۆيى بۆ ئه‌وه‌ى شانسى كاركردنيان له كه‌رته‌كانى تايبه‌ت زياتر بێت و هه‌روه‌ها به‌شداربن له بازاڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.
هه‌ر له‌م ديداره‌دا تيشك خرايه سه‌ر په‌ره‌پێدان و ئه‌نجامدانى پرۆژه كشتوكاڵيه‌كان و بوژاندنه‌وه‌ى ئه‌م كه‌رته.
شاندى ميوان رايانگه‌ياند: پرۆگرامى رێكخراوه‌كه‌مان له ئێستادا په‌ره‌پێدانى كه‌رتى ئابوورييه هه‌روه‌ها ئه‌و پرۆژانه‌ى كه ده‌بنه هۆى به‌هێزكردنى ئه‌م كه‌رته، ئه‌نجامدانى پرۆژه كشتوكاڵييه‌كان و بوژاندنه‌وه‌ى ئه‌م كهرتهش له پێشينهى كاره‌كانمانه، له ماوه‌ى رابردوو چه‌ندين پرۆژه‌ى كشتو‌كاڵى و ئاودێريمان ئه‌نجام داوه له به‌شێك له دێهاته‌كانى كوردستان.
شاندى ميوان وتيان: به‌هاوكارى ژوور و چه‌ند رێكخراوێكى مرۆيى نێوده‌وڵه‌تى له ئێستادا ده‌مانه‌وێت خولى په‌ره‌پێدانى مرۆيى ئه‌نجام بده‌ين بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى تواناكانى ئاواره و په‌نابه‌ر و گه‌نجانى ناوخۆيى بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن كار بدۆزنه‌وه و هه‌لى وه‌رگرتنيان له شوێنه‌كانى كاركردن زياتر بێت، ژووريش وه‌كو نوێنه‌رى كه‌رته‌كانى تايبه‌ت ده‌توانێت هاوكارمان بێت، هه‌روه‌ها كونسوڵخانه‌ى هۆڵه‌نداش هاوكار و پاڵپشتمان ده‌بێت.
له لايه‌ن خۆيه‌وه سۆران ئه‌بوبه‌كر عه‌زيز وێڕاى ده‌ست خۆشى، پاڵپشتى ژوورى دووپات كرده‌وه.
رايگه‌ياند: وه‌كو ژوورى بازرگانى له‌گه‌ڵ چه‌ندين رێكخراو و دامه‌زراوه كارمان كردووه و ئه‌زموونى باشمان هه‌يه، به هه‌موو توانايهكمانهوه پاڵپشت و هاوكارتان ده‌بين.
سۆران ئه‌بوبه‌كر وتى: بوونى كه‌ش و هه‌واو خاكى به‌پيت و بوونى ئاو له هه‌رێمى كوردستان واى كردووه زۆر گونجاو بێت بۆ كشتوكاڵ كردن، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى ئه‌زموونى نوێ و ته‌كنه‌لۆجياى پێشكه‌وتوو واى كردووه كه ئه‌م كه‌رته هه‌تا ئێستاش به‌شێكى زۆرى به شێوازى كۆن ده‌كرێت، له ئێستاش به‌هۆى وشكه ساڵى و بهفيڕۆچوونى ئاوێكى زۆر له رووباره‌كان بێ ئه‌وه‌ى سوودێكى ئه‌وتۆى لێ وه‌ربگيرێت بۆ پرۆژه‌ى ئاودێرى واى كردووه جوتياران زيانى زۆر بكه‌ن، بۆيه گرنگه له ئه‌نجامدانى پرۆژه‌ى كشتوكاڵيش هاوكارمان بن.
جێگرى سه‌رۆكى ژوور ئه‌وه‌شى خسته‌روو دامه‌زراندنى كارگه‌كانى پيشه‌سازى كشتو‌كاڵى و پيشه‌سازى خۆراك جگه له‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى جوتياران به فيڕۆ ناچێت له هه‌مان كاتيش دا ده‌بێته هۆى ره‌خساندنى چه‌ندين هه‌لى كار، هيوادارم له داهاتوودا له‌م بابه‌ته‌ش هاوكارمان بن.
شايانى باسه رێكخراوى (ZOA) له 15 وڵات كار ده‌كات، له عێراق و هه‌رێمى كوردستانيش له ساڵى 2015 وه تا ئێستا به‌رده‌وامه له خزمه‌ت كردن.