تۆ لێرەیت: ErbilChamberبابه‌ت فلته‌ر كراوه‌ به‌پێی به‌روار: دوو شەممە, 05 حوزەیران 2017

باقی محەمەد هادی:

بڕیارەكانى حكومەت بۆ چاكسازی باشن، بەڵام كێشە ئابوورییەکان لە رەگەوە چارەسەر ناكات

بۆئەوەى كەرتی تایبەت پێش بكەوێت دەبێت یاسا كۆنەكان بگۆڕدرێت

باقی محەمەد هادی، ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی رۆژنامەی (بازرگانیی سەردەم)دا، چەند پرسێكی پەیوەست بە كەرتی تایبەت و دۆخی دارایی و بازرگانی كوردستان دەخاتەڕوو.

سەبارەت بە كێشەكانی كەرتی تایبەت، ئاماژە بە چەندین كێشە و گرفت دەكات و دەڵێت: كەرتی تایبەت گرفتی زۆری هەیە، یەكێك لەوانە كە كاریگەری نەرێنی لەسەر پێشكەوتنی ئەم كەرتە داناوە یاسا كۆنەكانە، بۆئەوەى كەرتی تایبەت پێش بكەوێت دەبێت یاسا كۆنەكان بگۆڕدرێت، ئەو یاسایانە لە سەردەمی حكومەتە ئیشتراكییەكان دەركروان و دەبێت بگۆڕدرێن بۆ ئابووری ئازاد. هەروەها تێگەیشتنی نێوان كەرتی تایبەت و حكومەت باش و رێكوپێك نییە، ئێمە كە سەرۆكایەتی بەشێك لە كەرتی تایبەت لە ژوورە بازرگانییەكاندا دەكەین، نەمانتوانیوە لەگەڵ حكومەتدا بگەینە ئاستێك كە داخوازییەكانی خۆمان بگەیەنین، هۆكاری ئەوەش زۆرە بۆنموونە ئەو فەرمانبەرو بەڕێوەبەرە گشتییە كۆنانەی هەیە وەكو پێویست خۆیان نەگۆڕیوەو تێنەگەیشتوون كە كەرتی تایبەت كلیلی سەركەوتنی ئابووری وڵاتە، راگەیاندنەكانیش وەكو پێویست رۆڵی خۆیان نەگێراوەو دەستیان نەخستۆتە سەر برینەكان.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی تایبەت چەند كۆڕبەندێكیان سازكردووە، "سێ كۆڕبەندی ئابووریمان بەستووە دواینیان لە تشرینی یەکەمی رابردوو بوو لە هەولێر کە سی رۆژی خایاندو شەش تەوەری لەخۆگرتبوو، زیاتر لە 400 مامۆستاو كەسایەتی و شارەزای ئابووری ئامادەی بوون، پاش كۆڕبەندەكە راسپاردەی خۆمان نووسی و وێنەیەكمان لە راسپاردەكان گەیاندە حكومەت و پەرلەمان، بەڵام تاوەكو ئێستا وەكو پێوست وەڵاممان لێیان وەرنەگرتۆتەوە.

باقی محەمەد هادی هێما بۆ ئەوە دەكات زۆر بە كۆڕبەندەكە ماندوو بوونە، بەڵام راسپاردەكانیان لە بڕیارو چاكسازییەكانی حكومەتدا رەنگی نەداوەتە، وتیشی: ئەو بڕیارانەی حكومەت بۆ چاكسازی دەریكردوون بڕیاری باشن، بەڵام كرچ و كاڵن و كێشەكانی ئابووری لە رەگەوە چارەسەر ناكات، بۆ چارەسەركردنی قەیران و پێشخستنی ئابووری پێویستە سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرین.

ناوبراو تیشك دەخاتە سەر ئەوەی ئەزموون زۆرە تاكو حكومەتی کوردستان چاویان لێ بكات، "هەر ئێمە تووشی قەیران نەبووینە، چەند ساڵ پێش ئێستا ئیمارات دووچاری قەیرانێكی زۆر سەخت هات، بەڵام لە ماوەی ساڵێكدا چارەسەریان كرد، دەكرێت داوا بكەین ئەوان چۆن چارەسەریان كرد، مالیزیا وڵاتێك بوو پێیان دەگوت وڵاتی دارستان، بەڵام لە ماوەی 15 ساڵدا توانیان وڵاتێكی ئابووری سەركەوتوو بونیات بنێن، لەو دوو ئەزموونەدا كەرتی تایبەت و حكومەت زۆر هاوكاری یەكتر بوون و توانیان كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریەكی باش بونیات بنێن، توركیا پێش چەند ساڵێك قەرزار بوو لە ماوەی دە ساڵی دوایی توانی بێتتە یەكێك لە وڵاتە بەهێزەكانى ئابووری لە ناوچەكە.

باقی محەمەد روو لە بەرپرسان دەكات و دەڵێ: دەبێت لێیان بپرسن بۆچی گوێمان لێ راناگرن، لە ژووری بازرگانی چەندین نووسراومان بۆ حكومەت و وەزارەتی بازرگانی و گومرک و نوسینگەی سەرۆك وەزیران كردووە دەبێت ئەوان گوێ لە كەرتی تایبەت رابگرن بۆئەوەی ئامانجەكەمان بپێكین.

ئەو ئاشكرای دەكات، حكومەت زیاتر لە ملیارێك دۆلاری كۆمپانیاكان و بازرگانان قەرزارە، سێ ساڵە زیاتر لە یەك ملیار دۆلاری كەرتی تایبەت لای حكومەت خەوتووە نەمانتوانیوە سوودی لێوەربگرین، لای ئێمە بوایە ئێستا دەبووە سێ ملیار دۆلارو بازاڕیش دەبووژایەوە.

بەرپرسەكەی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی كوردستان پێیوایە، خەڵك لەسەر قەیرانی دارایی راهاتووە، وتیشی: لەگەڵ ئەوەی خەڵك لە قەیرانەكە راهاتووە، جوڵەیەكیش لە بازاڕو بونیاتنانەوە دەستی پێكردووە، ئەوەی پارەی هەیە بیناو پڕۆژە دەكات چونكە مەترسی داعش نەماوە، ئەوەی پارەی كاشی لەبەردەست ماوە دەیهێنێت و بەكاری دەهێنێتەوەو پڕۆژەكانیش وردە وردە دەستیان پێكردۆتەوەو حكومەتیش 10%ی پارەی ئەو پڕۆژانەی لایەتی دەیداتەوە، ئەوەش جوڵەیەك دەخاتە بازاڕەوە، هیوادارین حكومەت یارمەتیدەر بێت بۆئەوەی بازاڕ پێش بكەوێت، پێشبینی دەكەم لە ئێستا بەدواوە بەرەو باشتر دەڕۆین.

باقی محەمەد وتی: وەكو ژووری بازرگانی هەولێرو یەكێتی ژوورەکان بەردەوام بەرنامەمان ئەوەیە پەیوەندییەكانمان لە ناوخۆو دەرەوە بەهێز بكەین و، رۆژانە شاندی بیانی سەردانمان دەكەن و لەگەڵ کونسوڵ و باڵیۆزخانەكان كۆدەبینەوە، لە سێ چوار ساڵی رابردوودا زیاتر لە 68 پڕۆتۆكۆڵی بازرگانی و ئابووریمان لەگەڵ وڵاتانی بیانی واژۆ كردووە، لە مانگی تەموزی داهاتوو لە سلێمانی كۆڕبەندێكی ئابووری بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی و پێشخستنی كەرتی تایبەت ئەنجام دەدرێت.

شوان بەرزنجی

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ

بڵاوکراوه‌کان

ڕۆژنامه‌ی بازرگانی سه‌رده‌م

ڕێبه‌ری ژوور

هه‌واڵی چاوه‌ڕوانكراو

سعر الصرف

به‌های گۆرینه‌وه‌ی دیناری عیراقی به‌ دولاری ئه‌مری...

«
»
« November 2015 »
Mon Tue Wed Thu Fri Sat Sun
            1
2 3 4 5 6 7 8
9 10 11 12 13 14 15
16 17 18 19 20 21 22
23 24 25 26 27 28 29
30            

نرخی دراو

نرخی دراو

کەشوهەوای هه‌ولێر

ئاگاداری

Copyright © 2012 Erbil Chamber. All Rights Reserved. سه‌ره‌وه‌ ↑