رۆژی 20/9/2015 د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر پێشوازی لە باڵیۆز یاسین عەوەز ئیسماعیل كونسڵی گشتی كۆماری سودان لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا كە هەریەك لە سەرۆكی ژوورەكانی بازرگانی سلێمانی و دهۆك ئامادەی بوون جەخت لەسەر پەرەپێدانی بازرگانی نێوان هەردوو لا كرایەوە.
سەرۆكی ژوور رایگەیاند: پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری سودان لە سێكتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ئاستێكی باش دایە و ژمارەیەكی زۆرلە قوتابیانی هەرێم لە وڵاتی سودان درێژە بە خوێندنیان دەدەن هیواشی خواست پەیوەندییە بازرگانیەكانیش پەرەیان پێدرێت لەگشت سێكتەرەكان.
سەرۆكی ژوور داوای لە كونسوڵی گشتی كرد كە لە رێگەی جەنابیان و كونسوڵخانەی گشتی كۆماری سودان لە هەرێم پەیوەندی ببەسترێت لەگەڵ ژوورەكانی بازرگانی سودان و ژووری بازرگانی خەرتوم، بۆ ئەوەی لەماوەكانی داهاتوو بتوانین لەم رێگەیەوە پەرە بە پەیوەندییە بازرگانی و ئابووری یەكان بدەین لە گشت سێكتەرەكان.
لە لایەن خۆشیەوە كونسوڵی گشتی جەختی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی سودان كردەوە لە گشت بوارەكان، ئەوەشی خستە روو كە لە ماوەی داهاتوو لەگەڵ یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی سودان و یەكێتی خاوەنكارانی سودان دەربارەی سەردانی كردنی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی پەرەپێدانی بواری بازرگانی نێوان هەردوولا لە گفتوگۆ دەكات.