دارا جەلیل خەیات:
كاری وەبەرهێنان لە كوردستان ئاسایی بەڕێوە دەچێت
سەرۆكی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بارودۆخی ئەمنی كوردستان ئارامەو هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە، بۆیە پێویستە كارمەندی ئەو كۆمپانیا بیانییانەی كە كوردستانیان بەجێهێشتووە بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.
دارا جەلیل خەیات لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵدا، ئاماژە بەوە دەكات، جگە لە كارمەندی بەشێك لە كۆمپانیاكان، هیچ كۆمپانیایەك خاكی كوردستانی بەجێنەهێشتووە. ئەو روونی دەكاتەوە، سەرمایەداران و بازرگانانی كوردستان بەردەوامن لە هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەجۆرێك رۆژانە نانخواردن و پێداویستی دوو هەزار پێشمەرگە رەوانەی بەرەكانی شەڕ دەكەن.
دارا جەلیل خەیات ئاماژە بەوە دەكات، ماوەیەكی زۆرە كە لەڕێی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە، بازرگانی نێوان توركیا بۆ گشت عیراق و كوردستان هەیە و، دوای دروستبوونی هەندێك ئاڵۆزی لەناوچەكانی تكریت و موسڵ و شەڕی داعش، ئەوا دابڕانێكی هاتوچۆی بارهەڵگری لەنێوان كوردستان و عیراق هاتەئاراوەو ئەوەش وایكرد هاتوچۆی بازرگانی لەو ناوچانە كەم بكرێتەوە، هەروەها ئەو شەڕە وایكرد هەندێ دۆستانی ئێمە كە كاری بەڵێندەرایەتی و كۆنتراكت دەكەن بۆ توركیا بڕۆنەوە، هیوا دەخوازین بگەڕێنەوە.
لەبارەی رێژەی ئەو كۆمپانیایانەی كە هەرێمی كوردستانیان بەجێهێشتووە، دارا جەلیل خەیات وتی: ئەوانەی رۆیشتوون زوربەیان كارمەندانی كۆمپانیاكان بوون نەك خودی كۆمپانیاكان.
لەبارەی چارەسەری باردۆخەكەش وتی: ئەو باردۆخە بەندە بە پێكهێنانی حكومەتێكی هەمەلایەنە لە كوردو عەرەبی شیعەو سوننەو لایەنەكانی دیكە لەعیراقدا تا ناوچەكە هێمن بێ.
روونیكردەوە، لەساڵی ٢٠٠٥ەوە تائێستا لایەنی ئەمنی عیراق باش نەبووەو تەنیا لەكوردستان ئارامی سەقامگیری بەخۆوە بینیوە، هەر لەو كاتەوە بازرگانی بە باشترین شێوە بەڕێوەچووە.
هەروەها دارا جەلیل خەیات وتی: داوا لە كۆمپانیا بیانییەكان دەكەم بگەڕێنەوەو زیان بە خۆیان و خەڵكی پەیوەندیدار نەگەیەنن، چونكە تێكچوونی پەیوەندی تا دروستبوونەوەی، كاتێكی زۆر دەبات، هەروەها بازاڕەكانی كوردستان زۆر بەباشی جموجۆڵی تێكەوتووەو خەڵك ژیانی ئاسایی خۆی دەكات، هەموو لایەك دڵنیا دەكەمەوە كە كوردستان ئارامە.
لەبارەی یارمەتیدانی سەرمایەداران بە پێشمەرگە، دارا جەلیل خەیات وتی: زۆربەی سەرمایەداران خۆیان یارمەتی پێشمەرگەیان داوە بەبێ هیچ داواكارییەك، ئێمەش وەك یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی كوردستان بودجەیەكمان بۆ پشتگیری هێزی پێشمەرگەی كوردستان تەرخان كردووەو، رۆژانە خواردن بۆ دوو هەزار پیشمەرگە دەنێرین.
1$=1488
بههای گۆرینهوهی دیناری عیراقی به دولاری ئهمری...