رۆژی 6ی ئایار بە چاودێری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە هۆتێل دیڤان لە شاری هەولێر یەكەمین كۆڕبەندی كاری فەڵەستینس بەڕێوەچوو ، ماوەی دوو رۆژی خایاند.
لەم كۆڕبەندەدا هەریەكە لە وەزیری گەیاندن و تەكنەلۆژیای زانیاری فەڵەستین و وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەولێر و پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و سكرتێری سەنتەری بازرگانی فەڵەستین بە جیا وتەیەكیان پێشكەشكرد، لەو كۆڕبەندەدا ئەندامانی دەستەی كارگیری ژوور و ژمارەیەك لە بازرگانان و پیاوانی كاری هەردوولا و چەند كۆمپانیایەكی فەلەستینی و قونسوڵی چەند ووڵاتێكی بیانی ئامادە بوون.
سەرەتا نەزمی حزوری قونسوڵی گشتی فەڵستین لە هەولێر ووتەیەكی پێشكەشكردوو ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی هەردوو گەلی فەڵەستین و كورد كرد، كە پێشتر سیاسی بوو بەڵام ئێستا دەمانەوێت پەیوەندی ئابووری و بازرگانیشی بخەینە پاڵ و زۆر سوپاسی حكومەتی هەرێمی كرد بۆ گرنگی دان بە پەرەپێدانی پەیوەندی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ فەڵەستین.
دواتر جۆنسۆن سیاوەش وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا رایگەیاند: هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە چەندین بواردا سوود لە فەڵەستین وەربگرێت بە تایبەتی لە بواری ئایتی و حكومەتی ئەلیكترۆنی چونكە فەڵەستین ئەزمونێكی دەوڵەمەندی هەیە لەم بوارەدا.
راشیگەیاند: هەوڵدەدەین لە ئایندەدا پەیوەندییە بازرگانیەكان لە نێوان هەرێم و فەڵەستین فراوانتری بكەین.
پاشان نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر ووتی: لە ئێستادا هەرێمی كوردستان بە گشتی و هەولێر بەتایبەتی كە پایتەختی هەرێمی كوردستانی عێراقە بوەتە هۆی سەرنج راكێشانی دەوڵەتان بە هۆی ئەو بوژانەوە گەورەیە و خێراییە لە هەمان كاتیشدا كە پایتەختی گەشتیاری ووڵاتانی عەرەبیە بۆ ساڵی 2014 ئەمەش خۆی لە خۆیدا وای كردووە كە ووڵاتە عەرەبیەكان سەردانی بكەن و كار و بازرگانی خۆیان فراوانتر بكەن.
دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ووتەیەكی پێشكەش كرد: تێیدا باسی لە دروستكردنێكی پەیوەندییەكی ئابووری و بازرگانی بەهێزی كرد لە نێوان هەردوولا و ئاماژەی بە گرنگی كۆڕبەندەكە كرد كە ئەمە وادەكات كە سەرنجی بازرگانان و خاوەن كۆمپانیاكانی فەڵەستین لە بوارە جۆرا و جۆرەكان رابكێشێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بكەن لە هەرێم، پاشان ئاماژەی بەو بودجە گەورەیە كرد كە هەرێمی كوردستان هەیەتی و راشیگەیاند كە حكومەت پاڵپشتیەكی تەواو لە كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی دەرەوە دەكات، وە پاڵپشتی ژووریشی بۆیان دووپات كردەوە.
ئنجا ئەیاد جۆدە سكرتێری ئەنجومەنی كارگێڕی سەنتەری بازرگانی فەڵەستین (پال ترەید) لە وتەكەیدا ئاماژەی بە بازاڕی هەرێمی كوردستانی كرد بەرامبەر بە بەرهەم و كارگوزارییەكانی فەڵەستین كە ئەوان لایان شوێنێكی گونجاوە و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، وە كاردەكەن لە پێناو دروستكردنی پەیوەندیەكی بازرگانی بەهێز لەنێوان دامەزراوە و كۆمپانیا فەڵەستینیەكان و هەرێمی كوردستان.
وە دواتر د. سەفا نەسرەدین وەزیری گەیاندن و تەكنەلۆژیای زانیاری فەڵەستین رایگەیاند: لە هەرێمی كوردستان دەرفەتەكان لە بارە بۆ كاری بازرگانی و پیشەسازی، چونكە هەرێمی كوردستان لە رێگای یاساییەوە هەلی باشی رەخساندووە بۆ وەبەرهێنەران و پیاوانی كاری بیانی بۆ ئەوەی روو لە هەرێم بكەن و بەشداربن لە پرۆسەی ئاوەدانی هەرێمی كوردستان.
ووتیشی: لەم كۆڕبەندەدا كە لەنێوان هەرێمی كوردستان و فەڵەستین ئەنجامدراوە جەخت لەسەر بازرگانی خزمەتگوزاری كرایەوە لە بوارەكانی خزمەتگوزاری كار و تەكنەلۆژیا و ئایتی چەندین بواری تر، هەر بۆ ئەو مەبەستە لە ئێستادا 25 كۆمپانیای فەڵەستینی روویان لە هەرێم كردووە بۆ ئەوەی لقی خۆیان بكەنەوە.
لەتەوەری دووەمی كۆربەندەكەدا كۆمپانیا بەشداربووەكان بە مەبەستی ئاشنا كردنیان لە رێگەی داتاشۆوە پرۆفایلی دەزگاو كۆمپانیاكنیان و كارو چالاكیەكانیان بۆ ئامادەبووان شرۆڤە كرد .