رۆژی 4ی ئایار ژمارەیەك خاوەن كارگە كە پێكهاتبوون لە 16 كەس لە بوارەكانی مۆبیلیات و جل و بەرگ لە شاری ئەستەنبۆڵ بە هاوكاری كۆمەڵەی مۆسیادی توركی و بە سەرۆكایەتی ئەحمەد یازیچی ئەندامی ژووری بازرگانی ئەستەنبۆڵ سەردانی ژووریان كرد و لە لایەن دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور پێشوازییان لێكرا.
لە میانەی دانیشتنێكدا شاندی میوان باسیان لە بەرهەمی كارگەكانی خۆیان كرد و خۆشحاڵی خۆشیان بۆ ئەم پێشوازییە دەربڕی روونیشیان كردەوە كە ئەوان بۆ یەكەم جارە سەردانی هەرێم دەكەن و ئامانجیشیان لەم سەردانە بۆ ئاگاداربوونە لە رەوشی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها لە نزیكەوە ئەو بازرگانە كوردانە ببینن كە هاوردەی بەرهەمەكان دەكەن لە توركیاوە بۆ كوردستان تا بەرهەمەكانیان بە گوێرەی ویست و داخوازی ئەوان دروست بكەن.
لە لایەن خۆشیەوە سەرۆكی ژوور زۆر بەخێرهاتنی كردن و ئامادەیی خۆی و ژووریشی نیشاندا بۆ هاوكاریكردن و رێنونی كردنیان ، هیواشی خواست ئەوان وەكو خاوەن كارگە بتوانن نوسینگەیەك لە هەرێم بكەنەوە تاوەكو بازرگانان بەشێوەیەكی ئاسانتر بتوانن كاڵاكان هاوردە بكەن.