رۆژی 9/4 بە ئامادەبوونی سینان چەلەبی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ئەندامانی هەردوو ژووری بازرگانی هەولێر و غازی عەنتاب و ژمارەیەك لە بازرگانان و خاوەنكارانی شاری هەولێر وغازی عەنتاب، رێوڕەسمی كردنەوەی نوسینگەی ژووری بازرگانی غازی عەنتاب لە رۆیاڵ مۆڵ لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو .
لە دەستپێكدا وەزیری بازرگانی ئاماژەی بە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرد كە 8 ملیار دۆلارە و ئەمەش لە كاتێكدایە ئاڵوگۆڕی بازرگانی توركیا لەگەڵ بەشەكانی تری عێراق 4 ملیار دۆلارە، وا چاوەڕوانیش دەكرێ لە ساڵانی داهاتوو ئەم رێژەیە زیاتر بەرز بێتەوە. هەروەها وتی كردنەوەی نوسینگەیەكی لەم جۆرە وا دەكات پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە گشتی و غازی عەنتاب بە تایبەتی زیاتر پەرە بسێنێ و بەرەو پێشتر بچێت.
لای خۆشیەوە سەرۆكی ژوور دەست خۆشی لێكردن و هیواشی خواست بە كردنەوەی ئەو نوسینگەیە بتوانن زیاتر لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بەشدارببن و ببنە هۆكارێك بۆ ئەوەی هانی وەبەرهێنەر و بازرگانانی توركیا بدەن وەبەرهێن لە هەرێمی كوردستان بكەن، پاڵپشتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریشی بۆیان دەربڕی.
ئەیوب بارتیك سەرۆكی ژووری بازرگانی غازی عەنتاب بەوبۆنەیەوە وتی ئێمە بە مەبەستی هاوكاری كردن و كارئاسانی كردن بۆ ئەو بازرگان و خاوەن كۆمپانیایانەی كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن و لە هەمان كاتیشدا توندوتۆڵا كردنی پەیوەندییان لەگەڵا بازرگانانی هەرێم و رێنوینی كردنی بازرگانانی توركیا بە گشتی كە دەیانەوێ بێنە كوردستان بۆ وەبەرهێنان، بڕیاری كردنەوەی ئەو ئۆفیسەمان دا لە هەولێر، بە نیازین لە ئایندەدا بە هەمان شێوە لە شارەكانی تری كوردستان و عێراقیشدا ئۆفیشی تر بكەینەوە.
دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ بە مەبەستی ئاشناكردنی بازرگانانی هەولێر و غازی عەنتابی توركیا و بەستنی پەیوەندی و ئالوگۆری بیرو راو پێشخستنی كارو ئەنجامدانی كاری هاوبەش بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە بازرگانانی هەدوو لا لە هۆتێل دیدەمان كۆبوونەوەیەكی فراوان و دیداری روو بە روو ساز كرا.