رۆژی ٧ی کانوونی دووەم ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان سەردانی ژووری کردو، لەلایەن د. دارا جەلیل خەیات سەرۆکی ژوور و جێگرو ژمارەیەک لە ئەندامانی کارگێڕی ژوور پێشوازی لێ کرا.
لە دیداریکدا گفتوگۆ لەبارەی رەوشی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان کرا، هەردوولا تەبا بوون لەسەر گرنگیدانی زیاتر بە سێکتەرە جیاوازەکانی ئابووری لە کوردستان و، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان دەستخۆشی لە کارو کۆششەکانی ژووری بازرگانی هەولێر کرد لە پەرەپیدانی پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی دەرەوەی وڵات و، ئەم جموجووڵەی بەپێویست زانی بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری کوردستان و گەشەسەندنی زیاتری جومگەکانی ژیان لەم هەرێمە.
لەبەرامبەردا سەرۆکی ژوور ئاماژەی بە بەشێک لەو کارو هەنگاوانەی ژوور کرد بەتایبەتی لەم ماوەی دواییە، بەمەبەستی کاراکردنی رایەڵەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کارسازان و وەبەرهێنەرانی بیانی و، بەڵێنیدا کە لە ساڵی نوێ بە گوڕو تینی زیاترەوە لەسەر ئەم رەوتە بەردەوامبن.