ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

گرفتە ئابوورییەكانی هەرێم لە گەل كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باس كرا

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ سێ شەممە, 13 ئازار 2018 07:37
رۆژی 6/3/2018 د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور بە ئامادەبوونی جێگران و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور پێشوازییان لە نۆوا ودیوس بەرپرسی ئابووری بازرگانی لە كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەولێر كرد.
لە دیدارێكدا بەربەستەكانی بەردەم كەرتی بازرگانی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان و گرنگترین كێشە و گرفتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند لە كەرتی بازرگانی خرانە بەر باس.
نۆوا ودیوس وتی: ئێمە خوازیاری پەیوەندی پتەوی بازرگانی و ئابوورین لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئارەزوو دەكەین كۆمپانیاكانمان لە گشت سێكتەرەكان وەبەرهێنان بكەن لە هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش وەكو كونسوڵخانە هاوكار دەبین.
وتیشی: بەهۆی نالەباری دۆخی دارایی و كێشەی فرۆكەخانەكان وای كردووە كە كۆمپانیا و وەبەرهێنەری ئەمریكی كەمتر روو بكەنە هەرێمی كوردستان، ئێمەش وەكو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و گشت باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپی بە تایبەت لەگەڵ سەرۆك وەزیران كۆبوینەوە و هەوڵمانداوە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد چارەسەر بكرێن.
سەرۆكی ژوور وتی: ئێمە خوازیاری پتەوكردنی پەیوەندی بازرگانین لەگەڵ گشت وڵاتان، پەیوەندی بازرگانی و پەیوەندیمان لەگەڵ ژوورەكانی بازرگانی ئەمریكا لە ئاستێكی باش دایە لە دوایین سەردانمان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەمادەكاریمان كرد بۆ واژووكردنی رێككەوتناممەی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی شاندە بازرگانیەكان هیوا خوازین ئەم پەیوەندییە لە رێگای كونسوڵخانەوە پەرەی زیاتری پێ بدرێت و هاوكارمان بن.
وتیشی: پەیوەندیمان لەگەڵ ئەنجومەنی كاری ئەمریكی – كوردستانی باشە دوایین كاریشمان خەریكی ئامادەكاری بەستنی كۆنگرەیەكین لە نێوان كۆمپانیاكانی هەرێم و ئەمریكا.
د. دارا ئەوەشی خستە روو كە سستی كاری بازرگانی و پرۆژەكان بەشێكی بەرچاوی پەیوەستە بە داخستنی فرۆكەخانەكان و خستنە بەردەمی بەربەست لە لایەن حكومەتی ناوەندی بۆ بازرگانانمان و كێشە هەڵواسراوەكان لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند هیوای خواست كە وڵاتی ئەمریكا وەكو نێوەنگیرێك هەوڵبدات كێشەكان چارەسەر بكرێن.
شایانی باسە لەم دیدارە ئیبراهیم سۆفی و مەجید سەدیق سێودی جێگرانی سەرۆكی ژوور و جەوهەر خدر، باقی محەممەد هادی، فیدائەددین گەردی، سالار جەلال، سەركەوت جەمال، سەدرەددین كەمال و كەمال عەزیز ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور ئامادە بوون.
 
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1484 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ پێنج شەممە, 29 ئازار 2018 09:40