ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

لە ژووری بازرگانی سمینارێک لەبارەی دراوە ئەلیکترۆنییەکان ساز كرا

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ سێ شەممە, 16 کانونی دووەم 2018 08:38

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر رۆژی ١٤/١/٢٠١٨ سمینارێكی لەبارەی دراوی ئەلیكترۆنی رێكخست بۆ هەریەک لە توانا تەحسین مامۆستای زانكۆو پسپۆڕی دارایی وەبەرهێنان و کاردۆ کەمال رۆژنامەنووسی ئابووری سازکرد.

لەو سمینارەدا کە سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی ژوورو ژمارەیەک بازرگان و وەبەرهینەرو نوێنەری دامودەزگا حکومییەکان و بایەخمەندانی ئابووری ئامادەی بوون، سەرەتا دکتۆر دارا جەلیل خەیات ئاماژەی بەوەدا، کە ئامانج لە سازدانی ئەم سمینارە، روونكردنەوەی شارەزایانە لەسەر ئەو دراوەو دراوە ئەلیكترۆنییەكانە بە گشتی بۆ بازرگانان و بایەخمەندانە بەو بوارە.

دواتر مامۆستا توانا تەحسین وێرای پێناسەکردنی دراوی ئەلیكترۆنی، ئاماژەی بەوەدا ئەو دراوە تەنها ئەلیكترۆنییە و وەك پارەی ئاسایی نییە و، تەنها لە  تۆڕی ئینتەرنێتدا بوونی هەیە. جەختیكردەوە، بیتكۆین بە هیچ رێنمایی وڵات و لایەنێك پەیوەست نییە، چونكە كاری نهێنی و مەترسیداری پێ دەكرێت. ئەو مامۆستایەی زانكۆ روونیكردەوە دراویی ئەلیكترۆنی لە ساڵی 1983 لە ئەمریكا داهێنراوە، لە ساڵی 2009  بیتكۆین لەلایەن ئەندازیارێكی كۆمپیوتەرەوە دروست كرا. ئاشكراشی كرد، تاكو ئێستا لە جیهاندا ١٣٨٤ جۆر دراوی ئەلیكترۆنی هەیە بەڵام بیتكۆین زۆرترین بەشداربووی هەیە و، نرخی یەك بتكۆین لەئێستادا 13 هەزارو 600 دۆلارە.

توانا تەحسین راشیگەیاند، لە كوردستاندا مامەڵە بەو جۆرە دراوانە دەكرێت، بەڵام بەشداربووانی زۆر نییە. پێیوایە، مەترسی لەسەر ئەو دراوە هەیە لەوانە دزینی پاسۆردو رەشبوونەوەی میمۆری و مامەڵە نەكردنی لە بازاڕو بۆرسەدا. ئاشکراشی کرد کە بانكی ناوەندیی عێراق مامەڵەكردنی بەم دراوە قەدەخە کردووە.

ئەو شارەزایە سوودەكانی ئەو دراوەی روونكردنەوە لەوانە حمولە و باجی لەسەر نییە و، هەڵاوسان تیایدا روو نادات و قازانجی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا داوای لە بازرگان و وەبەرهێنەرانی كوردستان كرد وەبەرهێنان لەو دراوەدا نەكەن، چونكە نرخی لە دابەزینە و مەترسی لەسەرە. ئاشكراشی كرد هەندێك ئەندازیاری كورد دراوی كوردكۆینیان دروست كردووەو مامەڵەی پێوە دەكرێت.

دواتر "كاردۆ كەمال" رۆژنامەنوسی ئابووری لە سمینارەكەدا روونكردنەوەی لە بارەی دۆسیەی دراوە ئەلیكترۆنییەكان دا و، بە شۆڕشێكی تازەی جیهانی وەسفی كرد. داوای كرد خەڵك بە وریایی مامەڵە بەو دراوانە بكەن و شارەزایی زۆریان لەبارەوە هەبێت، ئەوكات پەنای بۆ ببەن.

دواتر ئامادەبووان پرسیارو سەرنجی خۆیان خستەڕوو، وەڵامدانەوەلان بوونە مایەی دەولەمەندتکردنی زانیارییەکان لەبارەی ناوەڕۆکی سمینارەکە.

ئه‌م بابه‌ته‌ 1482 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ سێ شەممە, 16 کانونی دووەم 2018 10:23