ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

باڵیۆزی پۆڵۆنیا لە عێراق سەردانی ژوور دەكات

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ سێ شەممە, 16 کانونی دووەم 2018 08:32
بە بۆنەی تەواوبوونی ماوەی ئەركەكەی لە عێراق رۆژی 9/1/2018 د. ستانیسواڤ سمۆلێن باڵیۆزی وڵاتی پۆڵۆنیا لە عێراق بە یاوەری د. بۆگۆسواڤ ئۆخۆدیك كونسوڵی وڵاتی پۆڵۆنیا لە هەولێر سەردانی ژووریان كرد لە لایەن د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور و  جێگری سەرۆك و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور پێشوازییان لێكرا.
لە دیدارێكدا باڵیۆزی پۆڵەندا وتی: ئێمە لە ماوەی 13 ساڵی رابردوو پەیوەندی باشمان دروست كرد لە نێوان هەردوولا، ساڵی 2005 سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتی وڵاتەكەمان یەكەم كەس بوو لەم ئاستە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بوونی رێككەوتننامە لە نێوان ژوورە بازرگانیەكانی پۆڵەندا و هەرێمی كوردستان، لە نێوان زانكۆكان و خوێندنی قوتابیانی كورد لە وڵاتەكەمان و كاركردنی چەندان رێكخراو و پەیمانگای وڵاتەكەمان لە هەرێم مایەی خۆشحاڵی ئێمەیە.
د. ستانیسواڤ وتیشی: بوونی كۆمەڵەی دۆستایەتی پۆڵەندی – كوردستانی جگە لە پەیوەندی گشتی، لە ئاستی پەیوەندییە تاكە كەسیەكانیش پەیوەندی پتەو هەیە لە نێوان خەڵكانی هەرێمی كوردستان و پۆڵۆنیا.
باڵیۆز ئەوەشی خستە روو كە وڵاتەكەیان دەوڵەمەندە لە زۆرێك لە سێكتەرەكان بوونی شارەزا و كەسانی لێهاتوو لە بوارەكان دەتوانین یارمەتیدەر بین لە بوژانەوەی هەرێمی كوردستان لە ئێستا و داهاتوودا.
باڵیۆزی پۆڵۆنیا لە كۆتایی زۆر سوپاسی سەرۆكی ژووری كرد كە رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە پێشخستنی بازرگانی لە نێوان هەردوولا، ئامدەیی خۆی نیشاندا بۆ پاڵپشتی و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە هەموو كاتێك.
لە لایەن خۆیەوە سەرۆكی ژوور سوپاسی هەوڵ و كۆششەكانی كرد كە لە ماوەی رابردوو پێشكەشی كردووە، توانیویەتی پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە گەڵ وڵاتی پۆڵۆنیا دروست بكات، هیوای خواست لە ماوەی داهاتوو پەیوەندییەكان زیاتر پەرە بسەنێت لە گشت بوارەكان و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی داهاتووی دا. 
شایانی باسە لەم دیدارە هەریەك لە ئیبراهیم محەممەد كانەبی جێگری سەرۆكی ژوور و باقی محەمەد هادی، فیدائەددین محەممەد ئەمین، سالار جەلال قادر، تاهیر مەولود و كەمال عەزیز ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور ئامادەبوون.
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1412 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌