ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

یەكێتیی ژوورەكان و زانكۆی كوردستان درێژە بە پەیوەندییەكانیان دەدەن

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ دوو شەممە, 23 تشرینی یەکەم 2017 08:36
بە مەبەستی درێژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوانیان و گفتوگۆ كردن لەسەر پرۆژە هاوبەشەكانی داهاتوویان، رۆژی 16/10/2017 د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكان و بە یاوەری سەدرەددین كەمال و ماجد جەلال ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانی هەولێر سەردانی (زانكۆی كوردستان – هەولێر)ی كرد، لە لایەن د. شەماڵ موختار سەرۆكی زانكۆ و ئەندامانی بۆردی زانكۆی ناوبراو پێشوازییان لێكرا.
لە دیدارێكدا د. شەماڵ موختار باسی لە پرۆژە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا كرد كە لە داهاتوودا جێ بەجێ دەكرێن، هەروەها چەندین پێشنیاری وردی خستەروو بۆ كاركردنی هاوبەش.
لە لایەن خۆیەوە د. دارا جەلیل خەیات پاڵپشتی میكانیزمەكانی كرد، پشتگیری خۆی و یەكێتیی ژوورەكانی دووپات كردەوە بۆ درێژەدان بە كاركردنی هاوبەش.
دواتر لە لایەن بۆردی زانكۆی كوردستان بە تێروتەسەلی باسیان لە وردەكارییەكانی پرۆژە داهاتووەكان كرد دوای گفتوگۆ كردن بڕیار درا لێژنەیەكی هاوبەش لە نێوان هەردوولا دروست بكرێت.
شایانی باسە لە رێككەوتی 7/6/2017 پرۆتۆكۆلێك لە نێوان یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و زانكۆی كوردستان بۆ كاركردن لە پرۆژەی هاوبەش واژووكرا.
 
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1067 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌