رۆژی ١٣/٢/٢٠١٧ د. دارا جەلیل خەیات سەرۆکی ژوور بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور پێشوازییان لە کاکەمین نەجار سەرۆكی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگای هەولێر و کرمانج عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەن کرد.
لە دیدارێکدا بارودۆخی بازرگانی و گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی کرا.
لە وتەیەکدا کاکەمین نەجار گرنگی بازرگانی و ئابووری بۆ بنیاتنانی هەر وڵاتێک باس کرد و باسی لە کار و پرۆژە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لە پێش ئەم دۆخەی قەیرانی ئابووری یەوە ئەنجامدراوە، وتیشی کوردستان هەنگاوی گەورە و باش چۆتە پێشەوە لە بواری بازرگانی و ئابووری.
کاکەمین نەجار داواشی لە وەبەرهێنەران و بازرگانان کرد کە لەم دۆخەی ئێستادا زیاتر پەرە بە ئیش و پرۆژەکانیان بدەن بۆ ئەوەی جوڵەی بازرگانی و بازاڕ و ژیانی هاوڵاتیان ئاسایی ببێتەوە.
لە لایەن خۆیەوە سەرۆکی ژوور باسی لە جوڵەی بازرگانی شارەکانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند لە ئێستادا جوڵەی بازرگانی لە جاران باشترە و رۆژ بە رۆژ پەرە دەسێنێ و بازرگانان بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی کاری بازرگانی.