تۆ لێرەیت: ErbilChamberهه‌واڵدەقی وتەی سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی لە سێیەمین كۆنفڕانسی ئابووری

دەقی وتەی سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی لە سێیەمین كۆنفڕانسی ئابووری

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ سێ شەممە, 11 تشرینی یەکەم 2016 09:33
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاك نێچیرڤان بارزانی
بەڕێزان وەزیران و پەرلەمانتاران و مێوانان و ئامادەبوان
بەخێرهاتنێكی گەرمتان دەكەم و خۆشحالین بە ئامادەبوونتان لەم كۆنفرانسە دەربارەی ( رۆڵی كەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی ئابووری كوردستان ) 
بەڕێزان :
ئامادەبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستێكی زۆر بەرز لەم كۆنفرانسە و بەشداریكردنیان لە گفتوگۆ و تەوەرەكان نیشانەیەكی ئومێد بەخشە بەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی پێویست بە پەرەپێدانی ئابووری كوردستان دەدات . مەبەست لە سازدانی ئەم كۆ نفراسە دەستنیشان كردنی خاڵە بەهێز و لاوازەكانی ئابووری كوردستانە، وچۆنیەتی پەرەپێدانی رۆڵی كەرتی تایبەتە. هیوادارین لە كۆتایی ئەم كۆنفراسە دەرئەنجام و راسپاردەی بەسوودمان هەبێت بتوانین ئابووری وڵاتەكەمان بە باشترین شێوە پێشبخەین.  
كۆنفرانسەكەمان ئەم بابەتانە لە خۆ دەگرێت :
• هاوبەشكاری هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی بۆ پەرە پێدانی ئابووری
• ئیدارەدانی قەیرانی  ئابووری
• ژینگەی كار و وەبەرهێنان لە كوردستان
• فێركردن و راهێنانی پیشەیی بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەت
• دوای نەوت : پەرەپێدانی ئابووری جێگرەوە
• پەرەپێدانی كەرتی تایبەت لە خوێندنی باڵا
هەروەك ئاشكرایە لە وڵاتان  گەشەكردن و پێشكەوتنی ئابووری كارێكی دوو لایەنەیە لە نێوان حكومەت و كەرتی تایبەت، رۆڵی حكومەت   یارمەتیدان و فەراهەمكردنی ئاسانكاری و هەمواركردنی یاسا و رێساكانە بۆ گەیشتن بە ئامانجە   و پلانەكان   بە بەشداری نوێنەرانی كەرتی تایبەت ، ئنجا كەرتی تایبەتیش رۆڵی سروشتی و تواناكانی خۆی كارا بكات  لە بەر رۆشنایی ئاسانكاریەكانی حكومەت لە بەشداریكردن لە بنیاتنانی ئابووری  و دروستكردنی هەلی كاری بۆ هاووڵاتیان.
ئامادەبووانی بەڕێز :
كەرتی تایبەتی نیشتمانی  زۆر نیگەرانە لەو رەوشە ئابووریەی هەرێمی كوردستان  كە باری  حكومەت و كەرتی تایبەتیشی زۆر قورس كردوە   ، بەڵام ئاسۆ روونە ئەگەر هەمووان هاوكار بین لە گەل یەكتر بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئەم رەوشە و بنیاتنانی بناغەیەكی ئابووری بتەو .
بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت كاریگەر بێت لە هەرێمی كوردستان, پێویستمان  بە هاوكاری حكومەتی هەرێم هەیە لە هەموار كردنی یاساو رێساكان بە راوێژكردن لە گەل كەرتی تایبەت ، چونكە نوێنەرانی كەرتی تایبەت بە باشی دەتوانن دەستنیشانی كێشەكانیان بكەن بیرۆكەشیان هەیە بۆ چارەسەركردن.
بەڕێزان :
بۆ بنیاتنانی ئابووری  بەهێز كە خۆ راگر بێت بەرامبەر گۆڕانكاری و مەترسیە ئابووریەكان وا پێویست دەكات  بناغەی ئابووریمان هەمەجۆر بێت و  تەنها پشت نەبەستین بە نەوت  وبیر لە جێگرەوەی نەوت بكرێتەوە  چونكە وەك ئاشكرایە بازاڕی نەوت جێگیر نیە و  ئەو ئابووریەی تەنها پشت بە نەوت ببەستێت هەردەم  لە بەرز و نزمی دایە ، بۆیە وا باشە بەشێك لە داهاتی نەوت لە پەرەپێدانی كەرتەكانی تری ئابووری خەرج بكرێت بۆ ئەوەی گۆڕانكاریە ئابووریەكان كاریگەری زۆری نەكەنە سەر .
 هەرێمی كوردستان زۆر دەوڵەمەندە  لە سامانە مرۆیی و سروشتیەكان  :
• هێزی كار و كارامەی  باشمان هەیە 
• خاكی بە پیت و فراوانمان هەیە 
• سەرچاوەی ئاوی  هەمە جۆرمان هەیە 
بۆیە وا پێویست دەكات ئاوڕەێكی جدی لە چاڵاكیە كشتوكاڵیەكان  بدرێتەوە وەك بازنەیەكی تەواوكار  لە بەرهەمهێنان تا دەگاتە دروستكردنی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان ( Agro – Industry ) چونكە هەرئابووریەك  بەرهەمهێنان و دروستكردنی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان بنەمای بێت  هەردەم لە گەشەكردندایە
ئەمە لە لایەك لە لایەكی تریش بناغەی پیشەسازی باشمان هەیە دەتواندرێت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن  بكرێتە یەك لە بنەما ئابووریە بەهێزەكان  بۆ هەرێمی كوردستان چونكە :
• مادەی خاوی سروشتیمان هەیە
• هێزی كاری راهێنراومان هەیە و دەتواندرێت كارامەییان زیاتر بكرێت
• بناغەی پیشەسازی گونجاومان هەیە
• لە كاتی ئێستادا بەرهەمی پیشەسازی نیشتمانی كوالێتی باشمان هەیە بەڵام پێویستی بە پارێزبەندی هەیە
هەروەها  بنەمایەكی تری ئابووری بتەومان هەیە ئەویش كەرتی گەشت و گوزارە پێویستە بە باشی وەگەر بخرێت ، چونكە :
• هاوینە  و زستانە هەواری جۆراو جۆرمان هەیە
• سروشتی جوان و سازگارمان هەیە
• كەش و هەوای جۆراو جۆرمان هەیە
هەروەها پێویستە ئاوڕێكیش لە كەرتی بازرگانی ناوەخۆ و دەرەوە بدرێتەوە بە پەیرەوكردنی سیاسەتێكی ئابووری و  كە خزمەت بە هاوڵاتیان و پرۆسەی هاوردەكردن بكات و یاساو رێسای تایبەت بەم بابەتە دەربكرێت
ئامادەبوانی بەڕێز بە گشتی هەرێمی كوردستان سەرچاوەی   تریشی هەیە دەتواندرێت بكرێنەبنەمای ئابووری رەنگە بوار نەبێت لێرەدا باس بكرێن .
 بنیاتنانەوەی ئابووریمان سەرەڕای ئاسانكاری و هەمواركردنی یاساو رێساكان بۆ ئەوەی بارگران نەبن و زیاتر هانی وەبەرهێنی دەرەوە بدریت بێنە كوردستان بۆ بەشداریكردن لە گەل  كەرتی تایبەتی نیشتمانی پێویستمان بە سستمێكی بانكی و دڵنیایی كارا هەیە  كە هاندەر بێت لەم بوارە لە گەل سستمی باج و گومرگی دادپەروەرانە.
لە هەمانكاتدا نابێت بنەمایەكی گرنگی بنیاتنانەوە ئابووری لە بیر بكرێت ئەویش بەشداریكاری هەردو كەرتی گشتی و تایبەتە PPP لە كوردستان  بۆ ئەوەی  رۆڵی گرنگی بە هاوبەشی  بگێڕن .
 
بەڕێزان : 
 دەمەوێ‌ ئەوە روونبكەمەوە كە كەرتی تایبەتی نیشتمانی هاوخەمە لە گەل حكومەتی خۆمان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەو بنیاتنانی ئابووریەكی بە هێز بۆ ئەوەی داهاتووی میللەتەكەمان  مسۆگەر بكەین و كەلتوورێكی جیاواز پەیرەو بكرێت ئەویش بە هاندانی دەرچوانی دامەزراوە زانستی و پیشەییەكانە بەرەو كەرتی تایبەت و چیتر فشار نەخرێتە سەر دام و دەزگە فەرمیەكان بۆ دامەزراندنیان ، لێرەش  داوا لە دەزگا پەیوەندارەكانی فێركردن و راهێنانی پیشەیی دەكەین  كە بابەتەكانی فێركردن و راهێنانی پیشەیی یەكبگرێتەوە لە گەل پێویستی بازاڕی كار و ئامادەین هاوكاریان بین لەم  بابەتە
لە كۆتاییدا دەبێت ئەوە بوترێت كەرتی تایبەتی نیشتمانی چاوی بڕیوەتە ئەوەی كە رۆڵی نیشتمانی خۆی  بسەلمێنێت لە بنیاتنانەوەی ئابووریمان و بەشداریەكی كاراتر بكات لە جێبەجێكردنی پلانەكانی حكومەتی كوردستان و كەمكردنەوەی بێكاری . 
دەبێت ئەوەش ئاشكرا بكەین كە رەنگە هەوراز و نشێومان بێتە پێش بەڵام بە هاوكاری حكومەت ئامادەین شانبدەینە بەر ئەم كارە قورسە
لە كۆتاییدا دووبارە بەخێرهاتنی ئامادەبووان  ومێوانان  دەكەم كە لە وڵاتانی عەربی و دەورەبەرو ئەوروپا تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردنمان لەم كۆنفرانسە هیوادارین هەوڵی هەموان لە بەرژەوەندی گەلەكانمان  بێت
زۆر سوپاس
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1479 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ سێ شەممە, 18 تشرینی یەکەم 2016 09:33

بڵاوکراوه‌کان

ڕۆژنامه‌ی بازرگانی سه‌رده‌م

ڕێبه‌ری ژوور

هه‌واڵی چاوه‌ڕوانكراو

سعر الصرف

به‌های گۆرینه‌وه‌ی دیناری عیراقی به‌ دولاری ئه‌مری...

«
»
« May 2021 »
Mon Tue Wed Thu Fri Sat Sun
          1 2
3 4 5 6 7 8 9
10 11 12 13 14 15 16
17 18 19 20 21 22 23
24 25 26 27 28 29 30
31            

نرخی دراو

نرخی دراو

کەشوهەوای هه‌ولێر

ئاگاداری

Copyright © 2012 Erbil Chamber. All Rights Reserved. سه‌ره‌وه‌ ↑