ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

لەم هەفتەیەوە توركیا بە سیستەمی نوێ ڤیزا بە كورستانیان دەدات

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ یەک شەممە, 17 تەمموز 2016 10:37
رۆژی 13/7/2016 د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور پێشوازیان لە زیهنی تۆرغول كونسوڵی بازرگانی لە كونسوڵخانەی گشتی كۆماری توركیا لە شاری هەولێر كرد.
لە دانیشتنێكدا باس لە زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەرێم و توركیا كرا.
كونسوڵی بازرگانی توركیا رایگەیاند: كە ئەوان هەمیشە لە هەوڵدان بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانیان لەگەڵ هەرێم، بەردەوام دەبن لە بانگێشتكردنی كۆمپانیا و خاوەن كارانی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان.
وتیشی: ئێمە دەزانین كە بازرگانان و خەڵكانێكی زۆر لە هەرێم رۆژانە سەردانی توركیا دەكەن بۆ گەشت و گوزار و كاری بازرگانی بەڵام بەهۆی كێشەی ڤیزا و ئامادەكردنی سیستەمی نوێ گیروگرفت دروست بوو، بەڵام لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە لە لایەن كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت ڤیزا دابین دەكرێت بۆ هاوڵاتیان و بازرگانان بە پەیڕەوكردنی سیستەمێكی نوێ.
لە لایەن خۆیەوە سەرۆكی ژوور سوپاسی كرد بۆ ئەم سەردانە رایگەیاند: لە ماوەی رابردوو بازرگانان و هاوڵاتیانی هەرێم كێشەی گەورەیان بۆ دروست ببوو بەهۆی دواخستن یان نەبوونی ڤیزا كە ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی هەبوو لەسەر كەم بوونەوەی كاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هیوای خواست لە رێگەی ئەم سیستەمە بتوانن ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن.
د. دارا وتیشی: پێویستە لە هەموو بارودۆخێك بازرگانان بتوانن بە ئاسانی كاروباری پێدانی ڤیزایان بۆ رێكبخرێت كە رۆڵی خۆی دەبینێت لە پێشخستنی پەیوەندییە بازرگانیەكان.
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1573 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌