ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

شاندێكی بازرگانی و گەشتیاری هەرێم سەردانی وڵاتی میسر دەكەن

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ پێنج شەممە, 05 ئایار 2016 07:48
بە مەبەستی ئەنجامدانی كۆڕبەندێكی گەشتیاری و بازرگانی لە نێوان وڵاتی میسر و هەرێمی كوردستان شاندێكی بازرگانی و گەشتیاری هەرێم سەردانی وڵاتی میسر دەكەن، رۆژی 4/5/2016 د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور بە ئامادەبوونی سەدرەددین كەمال ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور پێشوازیان لە شاندێكی كۆمپانیای فڕۆكەوانی میسر بە سەرۆكایەتی محەممەد شەفیق بەڕێوبەری نوسینگە لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان داوەتنامەیەكیان پێشكەش بە سەرۆكی ژوور كرد بۆ ئەوەی بتوانن بەشدار بن لە كۆڕبەندێكی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان كوردستان و میسر كە بڕیار وایە رۆژانی 15-20/5/2016 لە هەردوو شاری قاهیرە و شەرم شێخ بەڕێوە بچێت.
محەممەد شەفیق رایگەیاند ئەم كۆڕبەندە بە ئامادەبوونی وەزیری گەشت و گوزاری میسر و چەند كۆمپانیایەكی بازرگانی و گەشتیاری لە میسر و بە بەشداری كەسانی باڵا لەم بوارە لە هەرێم و میسر، سازدەكرێت.
سەرۆكی ژووریش سوپاسی ئەم دەستپێشخەریەی كرد و بە گرنگی لە قەڵەمدا، هەروەها سازكردنی ئەم كۆڕبەندەی بە هەلێك زانی بۆ ئەوەی شاندی هەرێم بتوانن كۆبوونەوە و دیدار سازبكەن لەگەڵ ئەو وەزارەت و كەسایەتی و كۆمپانیایانەی كە لەهەمان بوار بەشدار دەبن لەم كۆڕبەندە.
وتیشی: لە هەمان كاتدا دەرفەتێكی زێڕینە بۆ ئەوەی لەگەڵ ژوورە بازرگانیەكانی میسر بتوانین گفتوگۆو دیدار سازبكەین بە مەبەستی پێشخستنی پەیوەندییەكانی هەردوولا.
 
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1599 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌