ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

ژوور رێككەوتنێك لەگەڵ رێكخراوی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IFC) واژوو دەكات

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ سێ شەممە, 22 کانونی یەکەم 2015 11:06
ژوور رێككەوتنێك لەگەڵ رێكخراوی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IFC) واژوو دەكات
بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی شارەزایی دەستەی بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان رۆژی 22/12/2015 شاندێكی رێكخراوی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی موئەیەد مەخلوف بەڕێوبەری ئەم رێكخراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا سەردانی ژووریان كرد و لە لایەن د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور و ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور پێشوازییان لێكرا.
لە كۆبوونەوەیەك كە بەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندن ئامادەی بوون سەرۆكی ژوور رایگەیاند: هاتنی ئەم شاندە بۆ ژوور بە مەبەستی واژووكردنی رێككەوتنامەیەكە سەبارەت بە كردنەوەی خولیی راهێنان بۆ بەرزكردنەوە و پەرەپێدانی ئاستی بەڕێوبەران و دەستەی بەڕێوبردنی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان.
وتیشی: بەشێك لەو كێشە و گرفتانەی كە تووشی كۆمپانیاكان دەبن نەبوونی ستافێًكی شارەزا و پڕۆفیشناڵە لە بەڕێوبردنی ئەم كۆمپانیایانە، ئێمەش وەكو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دوای ئەوەی لەگەڵ ئەم رێكخراوە لە ماوەی رابردوودا تاوتوێ ی چۆنیەتی هەماهەنگی كردنمان كرد تا دواجار گەیشتینە ئەوەی بۆ ئەم پرسە رێككەوتنێك لەگەڵ ئەم رێكخراوە واژوو بكەین و لە باڵاخانەی ژوورەكەمان خولەكان بەڕێوەبچێت.
پاشان موئەید مەخلوف وتی: ئێمە بەشێكین لە بانكی نێودەوڵەتی چەندین پرۆژەمان لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە گرنگتریبنیان پرۆژەی وزەیە لە شاری سلێمانی و زاخۆ، وە لە ساڵی ئایندەشدا بە نیازین بە گوژمەی 1 ملیار دۆلار  پرۆژەی تر لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەین.
سەبارەت بەم رێككەوتنەش موئەیەد مەخلوف وتی: ئەم رێككەوتنە لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر واژوو دەكەین بۆ ماوەی یەك ساڵە، لەم ماوەیەدا لە لایەن شارەزایانمان خول بۆ ئەندامانی ژوور و دەستەی بەڕێوبەرانی كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاست و شارەزاییان.
پاشان رێككەوتنەكە لە لایەن هەردوولاوە واژوو كرا.
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1697 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌