ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكان لەگەڵ سەرۆكی پورتوگال كۆدەبێتەوە

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ سێ شەممە, 01 کانونی یەکەم 2015 09:13
لەژێر چاودێری پرۆفیسۆر د. ئەنیپاڵ كاڤاكۆ سیلڤا سەرۆك كۆماری پورتوگال و بە سەرپەرشتی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی وڵاتانی عەرەبی وە بە ئامادەبوونی بازرگانان و خاوەن كار و خاوەن كۆمپانیا عەرەبی و پورتوگالیەكان رۆژانی 23 و 24/11/2015 لە هۆتێل شیراتۆن لە شاری لشبۆنە سێ یەمین كۆڕبەندی ئابووری عەرەبی – پورتوگالی سازكرا.
رۆژی یەكەمی كۆڕبەند تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر سێ تەوەرەی سەرەكی (ئاوەدانكردنەوە و ژێرخانی ئابووری – خۆراك و كشتوكاڵ – گەشت و گوزار و خانوو بەرە) وە لە رۆژی دووەمی كۆڕبەند دیداری راستەوخۆ لە نێوان خاوەن كاران و دامەزراوە بازرگانیەكانی بەشداربوو لە كۆڕبەند لە نێوان هەردوولا بەڕێوەچوو.
شاندی بازرگانی عێراق بە سەرۆكایەتی جەعفەر حەمدانی سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی عێراق و شاندی بازرگانی هەرێمی كوردستانیش بە سەرۆكایەتی د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بەشداربوون لەم كۆڕبەندە.
شاندی بازرگانی هەرێم چەندین دیدار و كۆبوونەوەی دوو قۆڵی ئەنجامدا لەگەڵ بازرگانان و خاوەن كۆمپانیا پورتوگالیەكان و عەرەبیەكانی بەشداربووی كۆڕبەند سازكرد و رەوشی ئەمنی و بازرگانی هەرێمیان بۆ روونكردنەوە و هیوایان خواست بتوانن سەردانی هەرێم بكەن و لقی كۆمپانیاكانی خۆیان بكەنەوە.
هەروەها شاندی بازرگانی هەرێم بە جیا لەگەڵ سەرۆك كۆماری پێشووی پورتوگال د. جۆرج سامپایو و سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی عەرەبی – پورتوگالی كۆبوونەوە، باسیان لە پتەوكردنی پەیوەندیە بازرگانیەكانی نێوان پورتوگال و هەرێمی كوردستان كرد و بەستنی پەیوەندیەكی پتەو لە نێوان ژوورە بازرگانیەكانی هەرێم و پورتوگال جەختی لەسەر كرایەوە.
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1560 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌