نوێنەرانی زیاتر لە پانزە کۆمپانیای ئێرانی لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک، رێککەوتی ١٨/١١/٢٠١٥ سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریان کردو، لەلایەن دارا جەلیل خەیات سەرۆکی ژوورەوە پێشوازییان لێ کرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا، ئەو کۆمپانیانەی لە پیشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کشتوکاڵ و کەرەستەی خۆراک بەشدار بوون، پەرۆشییان نیشاندا بۆ ئامادەیی زیاتر لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانداو، بەدوای کردنەوەی لق و بریکاردا دەگەڕان، گلەییشیان لە کارنەکردن بە یەک یاسای هاوشێوە لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا دەکرد.
یەکێک لە کۆمپانیا ئامادەبووەکان کە لە بواری ماست و شیرەمەنیدا کار دەکات، ئاشکرای کرد کە بەم نزیکانە دێنە هەولێر بۆ بەرهەمهێنان و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی.
لەبەرامبەردا دارا جەلیل خەیات سوپاسی کردن و، ئامادەیی نیشاندا بۆ ئەنجامدانی کارئاسانی پێویست بۆیان تاکو لە کوردستان کاری بازرگانی بکەن، بەڵینیدا گلەیی و گازندەکانیان بگەیەنێتە دەزگا پەیوەندیدارەکان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کۆسپەکان.