رۆژی 21/10/2015 د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر پێشوازی لە گێرت مێنێك باڵیۆزی دانمارك لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور ئامادە بوون باس لە پتەوكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەكانی نێوان دانمارك و هەرێمی كوردستان كرا.
باڵیۆزی دانمارك رایگەیاند: وەبەرهێنەران و خاوەن كۆمپانیاكانی ئەوروپا بۆ كاركردن لە دوای بازاڕێكی فراوان دەگەڕێن و سەیری دۆخی ئەمنی و ئارامی ئەو شوێنە دەكەن بۆ ئەوەی كە بڕیار بدەن وەبەرهێنان بكەن.
ووتیشی: بڕیاری پێشخستنی ئابووری رۆڵێكی باڵای هەیە شان بە شانی هەر بڕیارێكی سیاسی.
سەرۆكی ژوور هیوای خواست كە كۆمپانیا دانماركیەكانیش بتوانن روو لە هەرێم بكەن و شان بەشانی كۆمپانیاكانی تری وڵاتە ئەوروپیەكان بتوانن وەبەرهێنان بكەن و لقی خۆیان بكەنەوە.
وتیشی دۆخی سیاسی و ئەمنی هەرێمی كوردستان زۆر ئارامە و ئەم قەیرانیە داراییەش كاتی یە و لە داهاتوویەكی كەم چارەسەر دەبێت ، ئەوەشی خستە روو كە جگە لە سێكتەری نەوت ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان پەرە بە سێكتەرەكانی تریش دەدات.