ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

سەرۆكی ژوور بەشداری لە رێوڕەسمی كردنەوەی پێشانگای تایبەت بە پیشەسازی میسری دەكات

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ یەک شەممە, 06 ئەیلول 2015 11:21
بە سەرپەرشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی میسر وە بە هاوكاری كونسوڵخانەی میسر و نوسینگەی بازرگانی میسر لە هەولێر رۆژی 3/9/2015 بە بەشداری نزیكەی 100 كۆمپانیای میسری دووەمین پێشانگای تایبەت بە كەل و پەل و پیشەسازی وڵاتی میسر لە سەر زەوی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر لە پاركی شەهید سامی عەبدولرەحمان كرایەوە و بڕیارە بۆ ماوەی 9 رۆژ بەردەوام بێت.
لە رێوڕەسمی كردنەوەی پێشانگاكە هەریەكە لە خالد حەنەفی وەزیری تەموین و بازرگانی ناوخۆی میسری و ساماڵ سەردار وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم و هەریەك لە پارێزگارانی هەولێر و دهۆك و د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و ژمارەیەك لە نوێنەرانی نوسینگە و كونسوڵخانەی عەرەبی و بیانی لە هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.
لە میانی رێوڕەسمی كردنەوەی پێشانگاكە سەرۆكی ژوور وتەیەكی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد رایگەیاند: كردنەوەی پێشانگایەكی لەم جۆرە لەم هەل و مەرجە مایەی دڵخۆشی و جێگای سوپاس و پێزانینە.
لە وتەكەیدا باسی لە پەوەندیەكانی ژوور كرد لەگەل ولاتی میسر و ئاماژەی بە چەند بەشداری كردنێكی هەردوولا كرد لە رووداوە ئابووریەكان لە میسر و لە هەرێمی كوردستان . 
باسیشی لەو هەوڵانە كرد كە بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا هەنگاویان ناوە لە وانەش دامەزراندنی كۆمەڵەی دۆستایەتی كوردستانی – میسری.
لە كۆتایشدا داوای لە كۆمپانیا و بازرگانانی بەشداربووی پێشانگاكە كرد كە بەشدار بن لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێم و لق و نوسینگەی خۆیان لە هەرێم بكەنەوە و ئامادەیی ژووری بازرگانیشی نیشاندا بۆ هەموو هاوكاریەك.
 
 
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1593 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ دوو شەممە, 07 ئەیلول 2015 07:43