ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

وەبەرهێنەرانی فلیپین سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ دوو شەممە, 03 ئاب 2015 10:04

نیوەڕۆی یەک شەممە ٢٠١٥/٧/٢٦ د. دارا جەلیل خەیات سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر پێشوازی لە ئەلمەر کاتۆ جێگری باڵیۆزی فلیپین لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور ئامادەبوون, ئەلمەر کاتۆ خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربڕی رایگەیاند: ئێستا نزیکەی ١٠٠٠ هاوڵاتی فلیپینی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن دڵخۆشن و هیچ کێشەیەکیان نی یە وەکو ئەوەی ئێمە بزانین لە وڵاتانی کەنداوەوە روودەکەنە هەرێم و کاردەکەن بە هۆی ئەوەی کە خەڵکی کوردستان بە گەرمی بەخێرهاتنیان دەکەن و ئێمەش دەزانین کە هەرێمی کوردستان لە رووی ئەمنی یەوە جیاوازە لە بەشەکانی تری عێراق و سەقامگیرە, سەبارەت بە دەنگۆی قەدەغەکردنی سەردانی هاوڵاتیانی فلیپین بۆ عێراق جێگری باڵیۆزی فلیپین رایگەیاند: بەڵێ ئەم بڕیارە لە لایەن حکومەتی فلیپینەوە دەرچووە بەڵام هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
ووتیشی: فلیپین بە گوژمەی ١٣٠ ملیۆن دۆلار خەریکی پرۆژەیەکن لە خوارووی عێراق, ئامانجی سەردانەکەشم پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکانە لەگەڵ هەرێم بەتایبەت لە بوارەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی و گەشت و گوزار هەروەها لە بەرنامەماندایە ئۆفیسێکی بازرگانی لە شاری هەولێر بکەینەوە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا چەند وەبەرهێنەرێکی فلیپینی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ خاوەن کۆمپانیا و بازرگانان کۆبوونەوە و دیدار سازدەکەن.
جەختی لەوەش کردەوە کە بۆ زیاترکردن و ئاسانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێستا لە گفتوگۆدان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی هەرێمی کوردستان بۆ گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەردوولا.
لای خۆیەوە د. دارا جەلیل خەیات باسی پەیوەندییە بازرگانی و ئابووری یەکانی نێوان هەردوولای کرد.
رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان لە گشت سێکتەرەکان دەوڵەمەندە و پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە.
ئەو هەوڵ و کۆششانەی جێگری باڵیۆزی فلیپینی بەرز نرخاند و ئامادەیی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێری بۆیان دووپات کردەوە بۆ هەموو هاوکارییەک.

 

ئه‌م بابه‌ته‌ 1645 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌ دواین نوێكردنه‌وه‌ دوو شەممە, 03 ئاب 2015 10:16