ئه‌م په‌ڕه‌ چاپ بكه‌

لە پەرلەمانی كوردستان دەربارەی مافی بەكاربەر سیمینارێك بەڕێوەچوو

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ پێنج شەممە, 18 حوزەیران 2015 07:13
رۆژی 15/6/2015 بە بەشداری د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور و فیدائەددین گەردی ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە مافی بەكاربەر و سیستەمی كوالێتی كۆنتڕۆل بە سەرپەرشتی لێژنەی مافی بەكاربەر سیمینارێك بەڕێوەچوو.
لەو سیمینارەدا دەزگا پەیوەندیدارەكان باسیان لە میكانیزمی كارەكانیان لە پشكنینی كەل و پەل و خۆراكدا كرد، ئاماژە بە ئاستەنگ و گرفتەكانی دەزگاكانیان كرد بە مەبەستی داڕشتنی سیستەمێكی تازە بۆ باشتر كردنی باری كۆنترۆل كردنی ئەو بەرهەمانەی لە دەرەوەهاوردە دەكرێن.
لەو سیمینارەدا كە سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر ‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەكە ‌و نوێنەرانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكانی تەندروستی و بازرگانی و پیشەسازی ‌و یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان و یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان ‌و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كوالیتی كۆنترۆل و ژمارەیەك لە شارەزاییان و پسپۆڕان تیایدا بەشداربوون، تیشك خرایە سەر راپۆرت و بەدواداچوونەكانی لیژنەی بازرگانی و پاراستنی مافی بەكاربەر كە لە ماوەی رابردوودا لە سەردانی مەیدانیاندا چەندین تێبینی و كەموكوڕییان لەسەر سیستەمی كوالیتی كۆنترۆل تۆماركرد بوو.
هەروەها باس لە رۆلی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ چۆنیەتیی كاركردن لەسەر دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو كرا بۆ رێكخستنی كارەكانی سیستەمی كوالیتی كۆنترۆل بەشێوەیەكی سەردەمیانە و رێگریكردن لە هاوردەكردنی بەروبووم و كاڵای خراپ.
پاشان بەشداربووان بە پرسیار و سەرنج و تێبینیەكانیان سیمینارەكەیان زیاتر دەوڵەمەند كرد.
 
ئه‌م بابه‌ته‌ 1598 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌