تۆ لێرەیت: ErbilChamberبابه‌ت فلته‌ر كراوه‌ به‌پێی به‌روار: پێنج شەممە, 10 ئایار 2018

بە چاودێری سەرۆكی حكومەتی كوردستان، رۆژی 2ی ئایاری 2018، کۆنفرانسی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە هەولێر ساز کرا، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و پارێزگاری تاران و وەزیری پلاندانان و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارو سەرۆكی ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی كوردستان و زیاتر لە 100 كۆمپانیای بازرگانی ئیرانی لە پارێزگاکانی تاران، ئەسفەهان، ورمێ، کرماشان، سنە، ئازەربایجانی رۆژئاواو هەمەدان و، چەندین كۆمپانیای بازرگانی كوردستان، كە لە لایەن یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی باڵای ئابووری رێكخرابوو، دوو رۆژ بەردەوام بوو.

سەرەتا دکتۆر دارا جەلیل خەیات، سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی كوردستان لە وتەیەکدا رایگەیاند: لەئێستادا سازكردنی ئەم كۆنفرانسە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ بووژانەوەی رەوشی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی كوردستان و، پتەوتركردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان – عێراق و ئێران و، ئاسانكاریكردن بۆ بازرگان و خاوەن كۆمپانیا بازرگانییەكانی هەردوولا، بۆئەوەی زۆر بەئاسانی و هاوكارییەكی تەواوەوە كارەكانیان ئەنجام بدەن.

وتیشی: ئێران و هەرێمی كوردستان دراوسێن و هۆکاری ئابووری پەیوەندییەكانی بەهێزتر كردووەو، ئەو كۆنفرانسە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان و چارەسەركردنی كێشە ئابووری و بازرگانییەكانی هەردوولایە. راشیگەیاند، لەئێستادا قەبارەی جموجۆڵی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیران نزیكەی 8 ملیار دۆلارە، ئەمەش ئاماژەیەكی باشە بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوانمان. جەختیكردەوە، هەردوو حكومەت دەبێت ئاستەنگەكانی بەردەم بازرگانان لابەرن بۆئەوەی ئابووری هەردوولا زیاتر پێش بكەوێت و پەیوەندیەكانیش بەهێزتر بن.

پاشان د. عەلی سندی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کوردستان بە وەكالەت، لە وتەكەیدا ئاشکرای کرد: 360 كۆمپانیاو 135 كارگەی ئێرانی لە هەرێمی كوردستان چالاكییان هەیە. ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵو‌گۆڕی بازرگانی ئێران و هەرێمی كوردستان 8 ملیار دۆلار بووە. روونیكردەوە، هەوڵ دەدەن دەروازە سنوورییەكان بە فەرمی بكرێن، پێیوابوو دەكرێت ئێران وەكو ستراتیژ سەیری بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بكات. داوای لە حكومەتی عێراق كرد بازگەی سەفڕە هەڵبگرێت كە زیانی لە هەموولایەك داوە.

لای خۆیەوە "محەمەد سودانی" وەزیری بازرگانی و پیشەسازی عێراق بەوەکالەت، ئاماژەی بە گرنكی كۆنفرانسەکە كرد، بەتایبەت لە دوای شەڕی داعش كە عێراق بەهۆی ئەو شەڕی ژێرخانی ئابووری وێران بووەو پێویستی بە بونیاتنانەوەو بووژانەوەیە. روونیكردەوە، پێویستیان بە ئێرانە بۆ كەمكردنەوەی بێكاری و زیادكردنی جموجۆڵە بازرگانییەكان و كەمكردنەوەی هەڵاوسان.

دواتر "د. محەمەد شەریعەتمەداری" وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و کانزاکانی ئێران، وتەیەكی پیشكەش كرد، تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئێران و دووپاتیكردەوە، پەرە بە پەیوەندییەكانیان دەدەن و، هەرێمی کوردستانی بە دەرفەتێکی گرنگ وەسف کرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و، ئێران لە بواری جۆراوجۆرداو باسی لە پلانی تایبەتی وڵاتەکەی کرد بۆ گەشەی پیشەسازی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

شەریعەتمەداری رایگەیاند: پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و عێراق و نێوان ئێران بەتایبەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندی زۆر باشن، بەڵام هەردوولا نەمانتوانیوە ئاستی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوانمان لە بواری ئابووریدا گەشە پێ بدەین، ئەمەش یەکێک لە گرنگترین ئەو ئەرکانەیە کە دەکەوێتە سەر شانی ئێمە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەتایبەت هەرێمی کوردستان.
بە ئاماژەکردن بەوەی سەقامگیری یاسا لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی و یاسا گومرکییەکان و دروستکردنی پەیوەندی بانکی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، شەریعەتمەداری وتی: ئەمە یەکێک لە پێداویستییەکانە کە لەلایەن بازرگانانی ئێمەوە بەردەوام ئاماژەی بۆ دەکرێت، دەبێت دەرفەتێکی هاوکاری بڕەخسێنین کە جێگەی رەزامەندی بێت، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش ئامادەم هەرچی لەسەر شانی ئێمەیە ئەنجامی بدەین، بۆئەوەی ئەو پڕۆژە ئابوورییانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن لەلایەن بەشی تەکنیکی ئێرانەوە جێبەجێ بکرێن.
شەریعەتمەداری ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمیتەیەکی هاوبەش لەنێوان چالاکڤانانی ئابووری هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی بەشی تایبەتی ئێران بەتایبەت لە بواری تەکنیکی و ئەندازیارییەوە دابمەزرێنن، بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ ئەو کێشانەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا دروست دەبن.
پاشان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کردو، رایگەیاند: حکومەتی کوردستان و ئێران لە زۆر لاوە بەرژەوەندییان لەگەڵ یەک هەیە و پێویستییان بە هاوکاری و کاری هاوبەشە، هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران دەدات، بۆیە بە بایەخەوە لەو کۆنفرانسە دەڕوانێت و پشتگیری لێدەکات، پشتگیری لە هەر کارو چالاکییەکی دیکەش دەکات کە ببێتە هۆی پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە چەند ئامارێک کرد، بۆنموونە: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ساڵانە 6 بۆ 6.5 ملیار دۆلارە، ئەمەش زیاتر لە 25%ی کۆی گشتی هاوردەکردنی هەرێمی کوردستانە، جگە لە فڕۆکەخانەکان و پارێزگاکانی خوارووی عێراق. هەرێمی کوردستان 67%ی هاوردەی ئۆتۆمبێل لەڕێگەی سنوورەکانی ئێرانەوە ئەنجام دەدات، هەروەها 359 کۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە و، زۆربەیان لە بواری بازرگانی چالاکن و کار دەکەن، ئەمە وێڕای بوونی 135 کارگەی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان کە سەدان دەرفەتی کاریان رەخساندووە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کە کۆی چالاکییە بازرگانییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان، لە هەرسێ دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی پەروێزخان، حاجی ئۆمەران و باشماخەوە ئەنجام دەدرێن، لەگەڵ پێنج دەروازەی سنووریی دیکەی لاوەکی، لە هەوڵیشدان هەندێ لەوانە بکرێنە دەروازەی نێودەوڵەتی.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: حکومەتی کوردستان هەوڵی جدی داوەو کار بۆ ئەوە دەکات لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، لە مەرزی پەروێزخان ناوچەیەکی ئازادی بازرگانی دروست بکات، بۆ ئەم مەبەستە حکومەت هەندێ هانگاوی کردەیی ناون و، شوێنی بۆ دروستکردنی ناوچەکە دابین کردووە، بەڵام هەنگاوی کردەیی زیاتر لەگەڵ هەردوولا (ئێران و عێراق) پێویستن، هیوادارین ئەم کۆنفرانسە رێگەخۆشکەر بێت بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژەکە و، بتوانین بیخەینە سەر رێچکەی جێبەجێکردن.

سەرۆکوەزیران وتی: گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق، هەندێ کێشەی تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان و گومرک و بازرگانی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر کردوون، گفتوگۆو هەوڵی بەردەوامن بۆئەوەی کێشەکانی ئەم بوارە زوو چارەسەر بکرێن، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتێکی دیکە بۆ فراوانکردنی بازرگانی و چالاکییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ ئێراندا.

داواشی لە خاوەنکارو وەبەرهێنەرو بازرگانانی ئێرانی و کوردستان کرد بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بارزگانی و سەرمایەگوزاری و، کارو پڕۆژەی هاوبەش لەنێوان خۆیاندا زیاترو فراوانتر بکەن. بەڵێنیدا حکومەتی کوردستان وەک هەمیشە هەموو هاوکاری و ئاسانکاری و پشتگیرییەک پێشکەش دەکات و وتی: ئێران دراوسێیەکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، دەرفەتی کارو بازرگانی و هەماهەنگی لە زۆر بواری دیکەشدا لەگەڵ ئێران هەیە، بۆیە چاومان لەوەیە هەمیشە پەیوەندی باشمان هەبێت، پێموانوایە و کار بۆ ئەوە دەکەین کە پەیوەندییەکانمان درێژخایەنن و ستراتیژین، هەرێمی کوردستان و عێراق لە زۆر بواردا بەتایبەت لە پیشەسازی و کشتوکاڵدا پێویستیان بە لێهاتوویی و ئەزموونی سەرکەوتووی ئێران هەیە، پلانمان ئەوەیە لەم بوارانەدا هاوکاربین و هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بکەین.

 

پانێڵەکانی کۆنفڕانسەکە

لە بەشی دووەمی رۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا سێ پانێڵ ساز کران، بریتی بوون لە:

ـ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری (پەرەپێدانی سەرمایەگوزاری هاوبەش لە بواری گەشتوگوزارو كشتوكاڵ و دروستكردنی كۆمپانیای هاوبەش).

ـ پیشەسازی (پەرەپێدانی بواری پیشەسازی و زەمینەخۆشكردن بۆ دروستكردنی ناوچەی ئابووری ئازاد).

ـ پەرەپێدانی بواری بازرگانی و چارەسەركردنی كێشەكان.

 

ئێرانییەکان ببنە هاوبەش لە بازاڕی کوردستان

رێباز حەملان وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان چەند ئامارێكی خستەڕوو لەوانە: 60%ی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستانە، ئەویش لە رێگەی مەرزە نێودەوڵەتی و لاوەكییەكانەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەردوولاش لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 8 ملیار دۆلار بووە، لەمساڵدا رێژەكە بۆ 70% زیادی كردووە. ئاشكراشی كرد، 70% سەوزەو 40%ی میوەو 80% كۆدی پەیینە كیمیاوییەكان و 50%ی شیرەمەنی لە ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دێت.

"نەورۆز مەولود" وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا، 70%ی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان هی ناوەڕاست و باشووری عێراقە، ئەویتر لەگەڵ ئێران و وڵاتانی ترە. ئاشكراشی كرد، لە ساڵی رابردوودا دوو ملیۆن و 100 هەزار گەشتیار روویان لە کوردستان کردووە، پلان هەیە لەمساڵدا بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار زیاد بكرێت. داوای لە بەرپرسانی ئێرانی كرد ئەو رسوماتە لابەرن كە خستوویانەتە سەر گەشتكردنی هاوڵاتیانی ئێرانی، كە وا دەكات كەمتر گەشتیار بێنە هەرێمی كوردستان. وتیشی: لە ساڵی 2015 یاداشتێكی لەیەكگەیشتن لە تاران لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ئەنجام درا بۆ هاتنی گەشتیاران، داواكارم جێبەجێ بكرێت.

"سامان عارەب" بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر، ئاماژەی بە گرنگی یاسای وەبەرهێنان كردو ئەو ئیمتیازانەی روونكردەوە كە بە وەبەرهێنەران دەدرێت لە كاتی ئەنجامدانی پڕۆژە لە كوردستان. ئاشكراشی كرد، لە ریزبەندی وڵاتانی وەبەرهێنەر لە كوردستان ئێران لە ریزی پێنجەمە و 48 پڕۆژەی وەبەرهێنانی هەیە، کە دەكرا رۆڵی زیاتری هەبوایە.

"ئەنوەر عومەر" بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كشتوكاڵ، نیگەرانی پیشاندا كە ئێران لە بواری کشتوكاڵ لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە ئاستی پێویستدا نییە و، وتی: 30 پڕۆژەی كشتوكاڵی لە كوردستان هەیە یەك ئێرانیش لەو پڕۆژانەدا نین، خوازیارین وەبەرهێنەرانی ئێرانی بێن هاوكاری كوردستان بكەن و سەرمایەگوزاری بكەن.

"مەولەوی جەبار" سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری كوردستان ئاماژەی بەوەدا، دەبێت هانی كۆمپانیا گەشتیارییەكان بدرێت بۆ هێنانی گروپی گەشتیاری، كە تاكو ئێستا تەنها دوو كۆمپانیا هەیە و گەشتیاریش زۆر كەم دەهێنن و دەبەن. دووپاتیكردەوە، ئەو رسوماتەی خراوەتە سەر گەشتیارانی ئێرانی زیانی زۆر لە هاتنی گەشتیارانی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی كوردستان دەدات و داوای كرد لاببرێت.

وتیشی: ئەم جۆرە كۆنفراسانە لە نیوان كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە گرنگە، بەمەبەستی زیاتر ئاشنابوون بە گرفت و ئاستەنگەكان و دۆزینەوەی چارەسەری زانستی و دروست بۆ ئاستەنگەكان و، هاندانی زیاتری گەشتیاران و هاتنیان بۆ كوردستان، لەپێناو زیادبوونی برەودان بە كەرتی گەشتیاری و جووڵانەوەی ئەو سیكتەرە گرنگەی ئابوورییە و، جووڵانەوەی بازاڕو زیادبوونی داهات، هەوڵی زۆرمان داوە پەرە بەم كەرتە گرنگە بدەین لە نۆژەنكردنەوەو گەشەپێدانی ناوچە گەشتیارییەكان و زیاتر بڵاوكردنەوەی هۆشیاری گەشتیاری.

"ئەحمەد رێكانی" سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان پێشنیاری ئەوەی بۆ سەرمایەدارانی ئێرانی كرد، بۆئەوەی ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان تەواو بكەن كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاون، لە رێگەی هاوبەشی كرد لەگەڵ وەبەرهێنەرانی كوردستان.

"یوسف باپیری" بەرپرسی دۆسیەی هەرێمی کوردستان لە ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران - عێراق رایگەیاند: ئەوە داواکاری ئێمەیە وەک لایەنی ئێرانی بێن و ببینە هاوبەشی یەکدی لە بازاڕی هەرێمی کوردستان، چونکە ئێمە ئەزموونێکی زۆرمان هەیە بۆ وەبەرهێنان و پرسەکانی زیاتر لەوەش وەک بازرگانی و بازرگانی نێودەوڵەتی، دەتوانین ببینە هاوبەشێکی باش بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان.

 

ئێرانییەکان: کوردستان زەمینەیەکی لەباری وەبەرهێنانە

لە میانەی کۆنفرانسی پێشخستنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، بەرپرسانی ئێرانی بەڵێنیاندا تەنیا بە کاری بازرگانی رازی نەبن و، کار بکەن بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان.

"موجتەبا خوسرەو تاج" جێگری وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئێران رایگەیاند، ئەو كۆنفرانسە یەكێكە لە كۆنفرانسە گرنگەكانی نێوان هەردوولا، دەبێت زەمینەسازی زیاتر لەنێوان هەردوولا بكرێت بۆئەوەی پلانێكی درێژخایەن هەبێت بۆ پەیوەندییە بازرگانییەكانی هەردوولا، ئایندەیەكی باش لە چاوەڕوانی پەیوەندییەكانی نێوانماندایە و بەرپرسانی هەردوولاش پشتیوانی هەنگاوەكان دەكەن.

وتیشی: بە گشتی چالاکییەکان لە ئاستی کارە بازرگانییەکان بووە لەسەر سنوور، هەندێ لەو کارە ئابوورییانەی کە دەتوانین لە سنوورەکان ئەنجامی بدەین و تەنیا کاری بازرگانی نین وەک کاری بەرهەمهێنان، بە هاوبەشی ئەنجامیان بدەین، ئەم کارە هەلێکی کاری زیاترو سەقامگیرتریش دەڕەخسێنێت، ئەمەش خەڵکی ناوچەکە زیاتر رازی دەکات، لەبەر ئەوە بڕوام وایە نابێت تەنیا خۆمان بە کاری بازرگانییەوە ببەستینەوەو دەبێ ئەم بەشە پەرە پێ بدەین.

"محمد حسین مقیمی" پارێزگاری تاران ئاماژەی بەوەدا، لەبارەی كشتوكاڵ و لێكۆڵینەوەی كشتوكاڵی و چۆنێتی پەرەپێدانی بەرهەمە خۆراكییەكان هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن، وەكچۆن دەتوانن لە بواری گەشتیاریش بەتایبەت گەشتیاری سەلامەتیش ئەو هاوكارییە بكەن و سەنتەرێكی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێنن.

"جیهانگیری" جێگری پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا، دوای كرد بەرپرسانی هەردوولا بەرنامەی گەشتیاری دابنێن، بەمەش دەتوانرێت پەرەبە بواری گەشتیاری بدرێت. روونیكردەوە، ئەوان سێ پارێزگای سنووریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و دەتوانرێت پەیوەندی باشتری بازرگانی و گەشتیاری بونیات بنرێت. ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان كارگەی باشی تراكتۆریان هەیە و دەتوانن هاوكاری كەرتی كشتوكاڵی كوردستان بكەن.

"سوهێل ئابدی" سەرۆكی ژووری بازرگانی ئەسفەهان رایگەیاند، لە ئەسفەهان بواری زێڕو زیو لەگەڵ مەڕمەڕو كشتوكاڵ گرنكی زۆری هەیە، لە گەشتیاری سەلامەتیش شارەزایی باشیان هەیە و دەتوانن لەم بوارانە یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن.

"ساڵح ئابادی" سەرۆكی دەزگای پەرەپێدانی هەناردەی ئێران روونیكردەوە، ئەوان لە پارەی نەوت 30% داهاتیان تەرخان كردووە بۆ ئەو كۆمپانیایانەی بەرهەم هەناردە دەكەن و لە رێگەی بانكیش یارمەتی ئەو كۆمپانیایانە دەدرێت. ئابادی ئامادەیی پیشاندا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان راستەوخۆ كار بكەن، بۆ پشتیوانیكردن لەو كۆمپانیا ئێرانیانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن.

"محەمەد ئەكبەری" بازرگانێکی ئێرانییە، وتی: بەستنی ئەم جۆرە كۆنفرانسانە كارێكی گرنگ و پێویستە بەتایبەتی بۆ بوارەكەی ئێمە كە بانكە، زۆر مەبەستمانە هاوكاری كوردستان بین لە چارەسەركردنی ئەو گرفتەی نەبوونی سیستمی بانكی پێشكەوتوو لە كوردستاندا، چونكە بازرگان ناتوانێ هەموو کات جانتاكەی پڕ لە پارە بكات و بە وڵاتان بگێڕێت، دەیەوێ دڵنیابێت كە دەچێتە وڵاتیك بە ئاسانی پارە دابنێ و پارە رابكێشێ بە شێوازیكی ئاسان و، دڵنیا بێت ئەو بانكە بە ستانداردی جیهانی و سەردەمیانە كار دەكات، چونكە ئەمڕۆ سیستەمی بانكی لە جیهاندا زۆر پێشكەتووە بە شێوازی كارتی ئەلیكترۆنی كار دەكات، بۆ نەهێشتنی ئەم گرفتە هاتووین هاوكارتان بین لە دامەزراندن و دانانی سیستەمی نوێی بانكی.

وتیشی: كەلوپەلی دروستكراوی ئیران زۆر باشە، خەڵكانێك هەیە بەمەبەست شتی خراپ دروست دەكەن كە نرخی هەرزانە ئەمەش رێپێدراو نییە، بەڵام بە شێوازی قاچاغ ئەم كارە دەكرێ، بەرنامەیەكی بەهێز هەیە رێگری لەم كارە بكات. راشیگەیاند: رێگاوبانی ئێران پێشكەوتووە، بەڵام گرفتی رێگاوبان لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستاندا هەیە كە پێویستە حكومەتی هەرێم چارەسەری بكات و هەوڵ بدرێت رێگای ئاسنین و شەمەندەفەر بۆ گواستنەوەی كەلوپەل و هاوڵاتیان لەنێوان هەردوو وڵات دروست بكرێ.

"مەسعود فاتح" ئەندامی ژووری بازرگانی ورمێ وتی: ئامانجمان چارەسەركردنی ئەو گرفتانەیە كە رێگرە لە بوونی بازرگانییەكی فراوان لەنێوانمانداو زەمینە سازكردن بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانە بە كەمترین كات، داوای كۆمیتەیەكی هاوبەش دەكەین كە زوو ئەم گرفتانە چارەسەر بكات.

"مەجید ئەكبەری" بازرگان و وەبەرهێنی پارێزگای كرماشان وتی: ئەم كۆنفراسە زۆر گرنگ و مێژووییە چونكە كەسانی باڵادەستی هەردوولا تیایدا بەشدار بوون، دەیانەوێ كار بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و لابردنی ئاستەنگەكان بکەن تاکو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەئێستادا زیاتر بكرێ و، لێكگەیشتن واژوو بكرێ لەپێناو بەرژەوەندی هەردوولا ئەویش لە زیادكردنی هاوردەو هەناردەكردنی كەلوپەلی كوالیتی باش و چارەسەركردنی ریگاوبانەكان و سیستمی بانكی و گەشتوگوزارو وەبەرهێنان، ئیران گرنگی زۆر بە كوردستان دەدات لە ناوچەكە و بە دەروازەیەكی گرنگی دەزانێ و بە بازاڕێكی هەمیشەیی دەزانێت. هەروەها دەڵێت: زەمینەیەکی زۆر لەبار دەبینم لە هەرێمی کوردستان، ئەم هەرێمە زۆر جێگەی کاری هەیە.

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ
رۆژی 7/5/2018 د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی ژوور بە ئامادەبوونی سۆران ئەبوبەكر و مەجید سەدیق جێگرانی سەرۆكی ژوور پێشوازییان كرد لە فلێكس نیگارت بەرپرسی جێبەجێكار لە نوسینگەی بازرگانی و پیشەسازی ئەڵمانی لە وڵاتانی ئیمارات، كوێت، عومان و قەتەر.
لە دیدارێكدا كە بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی ژوور ئامادەبوون پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكان و ئاڵوگۆڕی شاندە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا خرایە بەر باس.
فلێكس نیگارت ئامانجی سەردانەكەی بۆ ژوور و هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە بۆ دەسخستنی زانیاری دەربارەی گرنگترین ئە سێكتەرانەی كە ئێستا پێویستن بۆ كاركردن لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و ناوچە رزگار كراوەكان بە تایبەتی بۆ ئەوەی دراسەی بكەن و لە ماوەی داهاتوو كۆمپانیا ئەڵمانیەكان لە سێكتەرەكانی ناوبراو سەردانی هەرێم بكەن.
وتیشی هەر بۆ ئەم مەبەستە لە هەفتەی داهاتوو كۆنفڕانسێك دەربارەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكانی عێراق لە لایەن كۆمپانیا ئەڵمانیەكان لە وڵاتی ئەڵمانیا سازدەكرێت.
لە لایەن خۆیەوە سەرۆكی ژوور باسی دوایین كۆنفڕانسی ئابووری یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی كرد، هیوای خواست هەمان كۆنفڕانس لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیاش سازبكەن.
وتیشی: بە پەرۆشەوەین بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی بازرگانی نێوان وڵاتی ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان.
ئەوەشی خستە روو كە ژووری بازرگانی هەولێر ئامادەیە بۆ هەموو هاوكارییەك بۆ ئەم مەبەستە.
 
بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ

بڵاوکراوه‌کان

ڕۆژنامه‌ی بازرگانی سه‌رده‌م

ڕێبه‌ری ژوور

هه‌واڵی چاوه‌ڕوانكراو

سعر الصرف

به‌های گۆرینه‌وه‌ی دیناری عیراقی به‌ دولاری ئه‌مری...

«
»
« March 2015 »
Mon Tue Wed Thu Fri Sat Sun
            1
2 3 4 5 6 7 8
9 10 11 12 13 14 15
16 17 18 19 20 21 22
23 24 25 26 27 28 29
30 31          

نرخی دراو

نرخی دراو

کەشوهەوای هه‌ولێر

ئاگاداری

Copyright © 2012 Erbil Chamber. All Rights Reserved. سه‌ره‌وه‌ ↑