تۆ لێرەیت: ErbilChamberبابه‌ت فلته‌ر كراوه‌ به‌پێی به‌روار: سێ شەممە, 15 کانونی یەکەم 2015

لە هەولێر بازرگانانی ئەمریکا لەگەڵ حکومەت و بازرگانانان کۆبوونەوە

بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا رۆژی 14/12/2015 لە هۆڵی كۆنفڕانسی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر سیمینارێكی ئابووری لە لایەن یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریكی – كوردستانی رێكخرا.

بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەت و بەرپرسانی بواری ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا، تیایدا بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا لە وتەیەكیدا سوپاسی رێكخەرانی ئەم رێوڕەسمەی كرد و بە هەنگاوێكی گرنگی بۆ یەكتر ناسینی بازرگانانی كوردستان و ئەمەریكا لە قەڵەمدا و ئاماژەی بەوەشدا ئەم دیدارە دەبێتە دەستپێكێكی دیكە بۆ لەیەك نزیكبوونی هەردوولا لەم بوارەدا.

هاوكات سوپاسی شاندی بازرگانی ئەمەریكای كرد كە لەم بارودۆخە هەستیارەدا سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و وەكو یەكەمین شاندی بازرگانی ئەمەریكا لە ماوەی سێ ساڵدا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، و تیشكی خستە سەر ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریكا – كوردستان USKBC كە بە ئامانجی هاندانی كۆمپانیاكانی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان دامەزراوە ئەمە جگە لە بەیەكگەیاندنی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و دووپاتیشیكردەوە ئەم ئامانجەش هەمان ئامانجی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتۆن و ئاماژەی بەوەشدا ئەو كۆمپانیایانەی ئەمڕۆ هاتوون و میوانی هەرێمی كوردستانن بەشێكیان كۆمپانیای تازەن و ئامانجی سەرەكیان ئەوەیە لێرە بن و كاری بزنس بكەن و هەرێمی كوردستان بگەیننە ئاستێكی بەرز لەو بارودۆخەی ئێستایدا.

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا ئاماژەی بەوەدا نوێنەرایەتی حكومەت لە واشنتۆن توانی قەناعەت بەژمارەیەكی زۆری بازرگانان بهێنێت بەوەی بێنە كوردستان و تیایدا كاری بازرگانی ئەنجامبدەن و نیشانیشیدا وتاری سەرۆك بارزانی لە ژووری بازرگانی ئەمەریكا لە دوایین سەردانیدا بۆ واشنتۆن متمانەیەكی زیاتری پێبەخشین.

ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو كۆمپانیا ئەمەریكیانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستانن و لەو دانیشتنەدا بەشدارن لە چەندین بواردا كار دەكەن لەوانەش " نەوت و غاز، كارەبا، پەروەردە، بواری سەربازی و بەرگری ، ئاوەدانكردنەوە، تەندروستی، وپەیوەندی" ، و ئەمەش دەیسەلمێنێت پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تەنها لە بواری سەربازی و پێدانی چەك نیە كە ئەمەیان ئێستا خاڵێكی گرنگی پەیوەندی نێوان هەردوولایە.

دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا خۆشحاڵی خۆی بە هەبوونی ئەنجوومەنێكی بازرگانی كوردی – ئەمەریكی نیشاندا و بە هەنگاوێكی گرنگی پێشكەوتنی پەیوەندی ئابووری نێوانیان لە قەڵەمدا و سوپاسی متمانەی هەموو ئەو كۆمپانیایانە كرد كە هاتنە هەرێمی كوردستان كە بەشێكیان یەكەمجارە دێنە هەرێم و ئاماژەی بەوەدا هاتنی ئەم كۆمپانیایانە دەبێتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان تێبگەن بەتایبەتی كە ئێستا كوردستان بەهۆی چەندین كێشەیەوە دەناڵێنێت لەوانە شەڕی دژی داعش و قەیرانی دارایی و ئەم دیدارەشی لەو كاتەدا بە سەركەوتنێكی گرنگ بۆ هەرێمی كوردستان دانا و لەمبارەیەوە دەستخۆشی لە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد لەمبارەیەوە.

جێگری سەرۆك وەزیران گەشەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكای بە ئەولەویەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قەڵەمدا لە هەموو بوارێكدا بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتووری و سەربازیدا و ئاماژەی بەوەشدا هەرێمی كوردستان شانازی بە پێشكەوتنی ئەم پەیوەندیانە دەدات كە لە هەموو بوارێكدا و ئەمەریكای وەكو هاوپەیمانێكی ستراتیژی هەرێمی كوردستان وەسفكرد كە لە زۆر بواردا و لە سەختترین بارودۆخدا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانی كردووە بەتایبەتی لە شەڕی نەخوازراوی كورد لەگەڵ داعش كاتێك ئەمەریكا یەكەمین وڵات بوو یارمەتی هەرێمی كوردستانی دا و ئاماژەی بەوەشدا هاوكاریەكانی ئەمەریكا كاریگەری راستەوخۆی بەسەر ئەنجامی شەڕی دژی داعش هەبووە.

قوباد تاڵەبانی نەیشاردەوە سەرەڕای هەبوونی جیاوازی بیر و ڕا لە هەندێك بواردا لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا بەڵام پەیوەندیەكان رۆژ بەرۆژ لە گەشەكردن دان و بە گرنگی زانی بازرگان و وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان دەرگاكانیان كراوە بێت بۆ كەرتی تایبەتی ئەمەریكا بۆ پێشخستنی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان ، چونكە حكومەت ئەركێكی گەورەی لەسەرشانە و هەموو خزمەتگوزاریەك پێشكەشی هاوڵاتیان دەكات و ئەركێكی قورسی لەسەرە لە كەرتە جیاجیاكاندا و ئەگەرچی ئەم پرسەی بە ئەركی حكومەت لەقەڵەمدا بەڵام بە هۆكارێكیشی زانی بۆ خاوی ئەو پێشكەوتنەی كە هەرێمی كوردستان بۆ كەرتی تایبەت دەیخوازێت.

هەروەها بە باشی زانی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریكا – كوردستان ببێتە پاڵپشتیكارێك بۆ گونجاندنی یاسا و رێنماییەكانی حكومەت لەبواری كەرتی تایبەت و پێشخستنی ئەم كەرتە، هەبوونی پەیوەندیشی لەگەڵ ئەمەریكاش لەم بوارەدا بە دەرفەتێك بۆ سوود وەرگرتن لە شارەزایی ئەم وڵاتە لە قەڵەمدا بۆ ئەوەی نەخشەڕێگایەك بۆ نەوەی ئایندە دابندرێت بەوەی تەنها پشت بە حكومەت نەبەستێت بۆ ئایندەی خۆی و چاوەڕوانی ئەوە نەبێت كە حكومەت هەموو شتێكی بۆ بكات.

قوباد تاڵەبانی هانی بەشداربووانی ئەم سیمینارەی دا بۆ ئەوەی لەبواری جیاجیادا گەشە بە كەرتی تایبەت بدەن و ئەركی قورسی حكومەت كەم بكەن بەتایبەتی لەبواری كارەبا كە تەنها بەرهەمهێنانی بەدەستی كەرتی تایبەت بە پاڵپشتی حكومەت و كارەكانی دیكەیشی بە شێوەیەكی تەواو بە دەستی حكومەتەوەیە، ئاشكراشیكرد حكومەت وا خەریكە بە یاسای گونجاو هێواش هێواش لە هەندێك كەرتدا بكشێتەوە و بیداتە كەرتی تایبەت بەو هۆیەی حكومەت نەیتوانی گەشەی پێبدات و بیكاتە هۆكارێك بۆ كۆكردنەوەی داهات.

ئاماژەی بەوەشدا حكومەت دەزانێت گرێكوێرەكان لەكوێن بەڵام ناتوانێ بەتەنیا چارەسەریان بكات و هەبوونی ئەمەریكا لەم بوارەدا ئومێد بە هەرێمی كوردستان دەدات و متمانەی بە دۆستانی خۆی زیاتر دەكات.

هەر لەم رێوڕەسمەدا ماتیاس میتمان كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەولێر لە وتەیەكدا دەستخۆشی لە بازرگانانی ئەمەریكا و كوردستان كرد بۆ ئەو هاوكاریەی لەنێواندا هەیە كە دەبێتە هۆی پێشكەوتنی زیاتری هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بواری جیاجیادا و بە هۆكارێكی گرنگی دانا بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا و دووپاتیشیكردەوە گرنگی ئەم سیمینارە لەوەدایە ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان وابەستەیەكی گرنگی ئابووریان بە یەكەوە هەبێت.

لە بەشی دووەمی سیمینارەكەدا پەنەلێك بۆ هەریەك لە د. دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و دەیڤد تافوری سەرۆكی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریكی – كوردی رێكخرا.

لە وتەكەیدا د. دارا جەلیل خەیات تیشكی خستە سەر ژینگەی بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی یەكێتیی ژوورەكان ئاماژەی بەوەدا كە بازاڕی كوردستان گەورە و گەشەدارە و داوای لە ئەمریكیەكان كرد سوود لەم هەلانە وەربگرن لە هەموو كەرتەكان دا وەبەرهێنان بكەن.

دواتر دەیڤد تافوری باسی لە چۆنیەتی هاتنی كۆمپانیاكانی ئەمریكا كرد بۆ هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتی ئەمریكی گرنگیەكی تایبەت بە ئابووری كوردستان دەدات.

دووپاتی كردەوە كە لە داهاتوودا كوردستان دەرفەتێكی زۆرگرنگە لە رووی ئابووری یەوە.

پاشان كۆمپانیا ئەمریكیە بەشداربووەكانی سیمینار هەریەكە و بە كورتی باسیان لە ئیش و كارەكانیان كرد و ئەو كۆمپانیا ئەمریكیانەی كە ئێستا خەریكی كاركردنن لە هەرێم باسیان لە سەركەوتوویی خۆیان كرد دەربارەی كار كردنیان لە هەرێم.

دوای كۆتایی هاتنی سیمینارەكەش دیدارێكی B2B  لە نێوان كۆمپانیا ئەمریكی و كوردستانیە بەشداربووەكان سازكرا.

بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌واڵ

بڵاوکراوه‌کان

ڕۆژنامه‌ی بازرگانی سه‌رده‌م

ڕێبه‌ری ژوور

هه‌واڵی چاوه‌ڕوانكراو

سعر الصرف

به‌های گۆرینه‌وه‌ی دیناری عیراقی به‌ دولاری ئه‌مری...

«
»
« March 2009 »
Mon Tue Wed Thu Fri Sat Sun
            1
2 3 4 5 6 7 8
9 10 11 12 13 14 15
16 17 18 19 20 21 22
23 24 25 26 27 28 29
30 31          

نرخی دراو

نرخی دراو

کەشوهەوای هه‌ولێر

ئاگاداری

Copyright © 2012 Erbil Chamber. All Rights Reserved. سه‌ره‌وه‌ ↑